هیچ هەواڵێک لەبارەی دوو برا کە زیندانی سیاسین لە بەردەست نییە

دوو برا بە ناوەکانی پوریا و شوجاع منەتی، کە لە پێکهاتەی یارسانن، بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندان زیندانی کرابوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، "پوریا و شوجاع منەتی کە بەهۆی بەشداری لە مەراسیمی ٢١ەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالی نەژاد هونەرمەندی ناسراو و لە رێبەرانی دیاری کۆمەڵگەی یارسان، دەستگیر و زیندانی کرابوون، ماوەی سزاکەیان بە شێوەی کارکردن لە دەرەوەی زیندان و خۆناساندنی رۆژانە بە بەرپرسانی زیندان تێپەڕ دەکرد.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رۆژانی رابردوودا ئەو دوو برایە بە مەبەستی خۆناساندنی رۆژانە چوونە زیندان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە هۆکارێکی نەزانراو دەستگیرکراون و گواسترانەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی مەراسیمی ٢١ەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل حالی نەژاد لە سەحنە بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشداربووانی مەراسیمەکە و چەندین کەسیان دەستگیرکرد.

پوریا و شوجاع منەتی دوو لەو دەستبەسەرکراوانە بوون، کە پاش چەند مانگێک دەستبەسەری سزای ساڵێک زیندان و لێدانی ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپێندرابوو.

لە چەند مانگی رابردوودا دوای ئەوەی بۆ جێبەجێکردنی سزا سەردانی زیندانیان کردبوو، پێیان راگەیەندرابوو کە دەتوانن ماوەی سزاکەیان بە شێوەی کارکردن لە دەرەوەی زیندان بەسەر ببەن.

هـ . ب