بە دیمەن

کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد دەستی پێ کرد

نوێنەری پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە بروکسل کۆبوونەوە و کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی دەستی پێ کرد، ڕایانگەیاند دژی هێرشی قڕکردن، یەکێتی نەتەوەیی کورد پێویستە.

کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد

کۆمیتەی دیپلۆماسی کە لە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان پێکدێت، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) بۆ جاری ٢٨ هەمین کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە لە ناوەندی کەنەکە لە بروکسل ئەنجامدرا، بێجگە لە نوێنەری پارتەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کەسێتیەکانی وەک محەمەد ئەمین پێنجوێنی و تاهیر کەمالی زادە و ئەکادیمیستی وەک شڤان سەعید ئامادە بوون.

وتاری سەرەتا لەلایەن نوێنەری یەنەکەی ئەوروپا شێخ شەمال و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە زوبەیر ئایدار پێشکەش کرا.

"هێرشی جدی لەسەر ڕۆژئاوا هەیە"

سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر هەوڵەکان بۆ بەفەرمی ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گوتی: " ئێمە دەستکەوتی زۆر و قوربانیدانی زۆرمان هەیە. لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەرخۆدانێکی جددی هەیە. دەوڵەتی تورک و بە تایبەتی ڕژێمی ئەردۆگان لە ڕۆژئاوا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات. دەسەڵاتدارانی تورک هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام نەدرێت. هەوڵەکانیان لە عێراق و ڕووسیا بۆ ڕێگریکردنە لە هەڵبژاردن. تورکیا لەم پێناوەدا هەموو سازشێک دەکات".

هەروەها تیشکی خستەسەر پەیوەندیی و گفتوگۆکانیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا و گوتی: "ڕژێم ناتوانێت بە ئیرادەی خۆی سیاسەت بکات، گرێدراوی دەرەوەیە، چونکە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە ئیفلاسی کردووە، لەژێر کاریگەری دەوڵەتانی ترە و ناتوانێت سیاسەتی سەربەخۆ بکات".

"ڕزگاری بە یەکێتی نەتەوەییدا تێدەپەڕێت"

نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان میران ساڵەح ڕایگەیاند حکومەتی باشووری کوردستان بە قەیرانێکی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، لە ئەنجامدا گەل کۆچ دەکەن و زێدی خۆیان جێدەهێڵن، لەم ڕۆژانەی دوایی چەندین هاوڵاتی کورد لەڕێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستدا.

لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان حیکمەت سەربڵند ڕایگەیاند دوژمن بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد هەموو شتێک دەکات، گوتی: "ئێمەی کورد تەنها بە یەکێتی دەتوانین ئەم هێرشانە تێکبشکێنین. بۆیە دەبێت کورد لەنێو خۆیاندا ئایدۆلۆژیا و باوەڕ و بەرژەوەندیە حزبیەکان بخەنەلاوە و لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان سیاسەت بکەن، ڕزگاری لەمەدایە".

لەسەر ناوی پەژاک سیامەند موعینی ئاماژەی بەوە کرد ئێران لە قۆناغێکی ئاڵۆز و دژواردایە، گوتی: "دەبێت کوردان لەدەوری ستراتیژێکی هاوبەش یەکبگرن و تێبکۆشن. نابێت کورد لە هەڵبژاردن پشتگیری هیچ کاندیدێک بکات. چونکە هەموویان دوژمنی کوردن. خۆی هەڵبژاردنەکە دژە دیموکراسی و نایاساییە. ئەمە شانۆگەرییە".

"باشووری کوردستان لە قەیراندایە"

نوێنەری یەنەکە لە ئەوروپا شێخ شەماڵ تیشکی خستەسەر مەترسییە جدییەکانی سەر ڕۆژئاوا و گرنگی یەکبوونی پارتە کوردییەکان، گوتی: "لە باشووری کوردستان هەمان کێشە هەیە. قەیرانێکی سیاسی و بنبەستێکی قووڵ هەیە. کاتێک دەڕوانینە ٢٠ ساڵی پێشوو، ڕەوشی باشوور زۆر باشتر بوو. ئەمە بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەیە".

پاشان محەمەد ئەمین پێنجوێنی هۆکاری کێشەکانی کوردی گەڕاندەوە بۆ پارچەبوونی کوردان و داوای کرد کوردان یەکێتی خۆیان پێکبهێنن، گوتی: " بە تایبەت لە ئەوروپا و جیهان پێویستە خەباتی دیپلۆماسی بکرێت. لانی کەم هێندەی کارەکانی کوردستان بایەخیان پێبدەن. بەڕای من چارەسەر و سەرکەوتنی کێشەی کورد بەندە بەو کارەوە".

ئەکادیمیسیان لە زانکۆی شانخی چین، شڤان سەعید تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کورد لە جیهاندا و گوتی: "هێزەکانی وەک چین، هیندستان، ئەمریکا، ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا ئاگاداری جوگرافیای کوردن، بەڵام کورد ئاگاداری جوگرافیای کورد نین. چونکە هێڵی ئابووری لە چینەوە بۆ ئەوروپا بە خاکی کورددا تێدەپەڕێت. کوردستان گرنگی ستراتیژی هەیە. پێویستە کورد لەوە تێبگات و بەپێی ئەو هۆشیارییە مامەڵە بکات. ئەم هێزانە باش ئەمە دەزانن. بەڵام بەداخەوە ئێمە ئاگاداری ئەمە نین".

"کۆنفرانسی نەتەوەیی ئەنجام بدەین"

پاشان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە زوبەیر ئایدار تیشکی خستەسەر ڕەوشی کوردان و گوتی: " لە باشووری کوردستان نموونەی کەرکوک لە بەرچاوە. بۆ ڕۆژئاواش هەمان شتە. شارەکانی وەک عەفرین و سەرێکانیمان لەدەستدا. هێرشەکان لە ئاستێکی بەرزدان. هێرشی جەستەیی و هێرشی دەروونی هەیە. هێزە داگیرکەرەکان ئێمە کورد دابەش دەکەن و هێرش دەکەنە سەرمان. هەمووان باس لە یەکڕیزی دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی ناگیرێتەبەر. هێرشەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پێویستە بەپەلە کۆببینەوە. با ئەمساڵ بڕیاری کۆنفرانسی نەتەوەیی جێبەجێ دەکەین کە ساڵی ڕابردوو لە کۆنفرانسی لۆزان لەسەر ئەم پرسە درابوو".

پاشان کۆنفرانسەکە بە بەشی پێشنیارەکان بەردەوام بوو. لەم بەشەدا نوێنەری پارتەکان قسەیان کرد و چەندین پێشنیار کرا، دەستنیشان کرا پێویستە کۆنفرانسی لۆزان بۆ یەکڕیزی کورد کە ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بەم نزیکانە بەڕێوە بچێت.