دەوڵەتی تورك دەیەوێت حیزبوڵڵاش بەدەردی حەماس بەرێت

"دەوڵەتی تورك وەك خۆش خزمەتیەك لەبەرامبەر بەو پشتیوانی و هاوكاریانەی لەئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ بۆ دژایەتی گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەیەوێت بەپشتیوانی ئیسرائیل پەلاماری حیزبوڵڵای لوبنان بدرێت".

دەوڵەتی داگیركەری تورك بەهاوكاری هێزە پیلانگێڕە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەكان بەدانانی قەیوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ ئاراستەی رۆژەڤی سەرەكی گەل كە دووهەمین قۆناخی هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد بوو، گۆڕی بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە و رێپێوان و لێدوان و چالاكی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر بەهەوڵی داگیركەری دەوڵەتی داگیركەری بۆ دەستەسەركردنی شارەوانیەكان و و دەستبەسەركردنی ئیرادەی گەل لەكەسایەتی شارەوانی جۆلەمێرگدا.

لەلایەكی تر سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان چەند جارێكە بەتایبەتی لەجەژنی قورباندا رایگەیاند كە ئەوان لەم قۆناخەدا سیاسەتێكی نەرم دەگرنە بەر، بەڵام هەر دوابەدوای ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان و بۆ بەنج كردنی كۆمەڵگە بەو ئاخاوتنە باق و بریقانەی لە چەند پارێزگایەكی باكوری كوردستان ئاگریان لەزەوی و زار و پووش و پاوان و باخچەی هاوڵاتیان و دارستانەكان بەردا و لەو ئاگرتێپەردانانەدا نزیكەی پانزدە كەس گیانیان لەدەستدا و بەدەیان كەسیش بریندار بوون كە برینی هەندێكیان قورسە و لەژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەكان دان.

لەلایەكی تر لەهەرێمی ماوە، گەڤەر، سلۆپی، شرناخ و ئامەد و ...هتد دەستی بەئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی كردوە و بەهەزاران سەرباز و جەندرمە و جاشی بە هەموو تەكنەلۆجیایەكی سەربازی و ئیستخباراتی خستووەتە جووڵەوە و بەئامانجی دۆزینەوە و لەناوبردن و تەسفیەكردنی یەكینەكانی گەریلاكانی ئازادی كوردستان دۆڵ بەدۆڵ، چیا بەچیا و دەشت بەدەشت و هەرد بەهەرد لەشوێن گەریلاكان دەگەڕێن.

 لەنێوخۆشدا بۆ ئەوەی دەرفەتەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبار بەرێت و دەرفەتی زیاتر قازانج بكات، ئەردۆغان بەمەبەست گۆڕانكاری لەدەستوری بنەڕەتی توركیای خستووەتە رۆژەڤ بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی توركیا بە بابەتی گۆڕانكاری دەستوریەوە سەرقاڵ بكات و هەموو دام و دەزگا پڕوپاگەندەیەكانی خۆی بۆ بەڕۆژەڤكردنی ئەو بابەتەی بەكرێگرتووە و بەهەموو چەشنێك تاروپوودەكان دەتەننەوە و شەن و كەوی چۆنیەتی دەستوری نوێ و ئەو گۆڕانكاریانە دەكەن كە بەرێككەوتنی هاوبەشی لایەنەكان پێكبێت. بۆ ئەوەش ئەردۆغان دوای ماوەیەكی درێژ سەردانی ناوەندی رێكخستنە گشتیەكانی جەهەپە و دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی ئەو پارتە"ئوزگور ئۆزەل" كرد. مەدیای چەواشەكاری توركیش بەشێكی تر رۆژەڤی كۆمەڵگەیان بە بابەتی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ لای ئۆزەل و جەهەپە و ئەو بانگەشانەی كە گوایە لەو سەردان و دانیشتنەدا لەسەر رێككەوتوون تەرخان كردوون. ئەردۆغان كارامەیەكی باشی لەدروستكردنی رۆژەڤی تاڵی و لابەلا و سەرقاڵ كردن و كات كوشتن هەیە، بۆ ئەوەی مەرامەكانی خۆی لەو ماوەیەدا جێبەجێ بكات.

خاڵێكی دیكە كە ئەردۆغان و باخچەلی و ئەرتەشی تورك زۆر لەم مانگەدا وەك كارتێكی گوشار لەسەركاریان كرد و لەسەری دوان، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكور و باشوری رۆژئاوای كوردستان بوو. ئەردۆغان و باخچەلی و ئەرتەشی داگیركەری تورك هەڕەشەی ئەوەیان لەرۆژئاوا و خۆبەرێوەبەری دیموكراتیكی رۆژئاوا و باكوری سوریا كرد كە ئەگەر بێت و هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بەرێوە ببەن، ئەوا دەوڵەتی داگیركەری تورك بەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستوەردانی رۆژئاوای كوردستان دەكات و لەو پێناوەشدا، وتەبێژی ووزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش، بەلێدوانێك دەژایەتی وڵاتەكەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و گوایە نەبوونی زەمینەی بابەتی بۆ هەڵبژاردنە شارەوانیەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی رۆژئاوا و باكوری سوریا نیشاندا و بەوشێوەیەش دەرگای بەڕووی دەوڵەتی داگیركەری توركدا كردەوە بۆ ئەوەی دەستێوەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات.

دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی گەلی كورد بەگشتی بكاتە ئامانج و هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گەریلاكانی ئازادی دەست پێ بكات، پێویستی بەئەرێ كردنی هێزە نێودەوڵەتیەكان بەتایبەتی ئەمریكا و ناتۆ و ئەوروپا هەیە؛ هەرچەندە ئەو هێزانە بەدرێژایی پەنجا ساڵەی تێكۆشانی بزوتنەوەی ئاپۆیی لەرۆژهەڵاتی ناوین و كوردستان و جیهان لەهاوكاری و پشتیوانی كردنی دەوڵەتی داگیركەری تورك درێغیان نەكردوە و بەشێوەیەكی چالاكانە شانبەشانی پیلانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك، بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانیان كردۆتە ئامانج و لەهەرقۆناخێكی مێژووییدا ئاستەنگیان لەبەرامبەر بەپێشكەوتنەكانی بزوتنەوەی ئاپۆیی ناوەتەوە و رێگریان كردوە لە چارەسەری دیموكراتیانە و سیاسیانەی پرسی كورد بەڕێگەی ئاشتیانە.

دەوڵەتی تورك وەك خۆش خزمەتیەك لەبەرامبەر بەو پشتیوانی و هاوكاریانەی لەئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ بۆ دژایەتی گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەیەوێت بەپشتیوانی ئیسرائیل پەلاماری حیزبوڵڵای لوبنان بدرێت و وەك بەشێك لەناتۆ رۆڵی خۆی لەتەسفیەكردن و راوەدوونانی رێكخراوی حیزبوڵڵادا بگرێت؛ بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پیلانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپە ـ هوداپار پێكبێت، دەبێت لەنێوخۆی توركیاشدا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەمنی و ئیستخباراتی كە لەدژی گەریلاكانی ئازادی كوردستان دەستیان پێ كردوە ئەنجام وەرگرن و گەریلا لەنێوخۆی باكوری كوردستان و توركیا بێ كاریگەر و تەنانەت ئەگەریش بۆیان كرا تەسفیە و پاكتاویان بكەن؛ چونكە دەوڵەتی داگیركەری تورك باش دەزانێت ئەگەر بەشداری شەڕی دژ بەحیزبوڵڵای لوبنان نەكات و خۆی لەو شەڕە كەڕ بكات ئەوا لەدوایین جاردا راستەوخۆ لەبەرامبەر بەپیلان و پرۆژەكانی ناتۆ و ئەمریكا و ئەوروپا دەبێتە لەمپەر و بۆ ئەوەی روویەكی وەها نیشان نەدات، دەیەوێت رۆڵێكی سەرەكی پێ بسپێردرێت بۆ ئەوەی ئەو هێزانەش لەتەسفیەكردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی هاوكاری دەوڵەتی تورك بكەن.

ئەگەر دەوڵەتی تورك لەو شەڕەی دژ بەحیزبوڵڵا بەشداری بكات، دەبێت لەنێوخۆی توركیا و باكوری كوردستان جمووجوڵی گەریلاكانی ئازادیش بەربەست بكات ئەوەش لەبەر مەترسی ئەوە دەكات كە ئەگەر بەشداری شەڕی حیزبوڵڵا ببێ، رەنگە هێزە هەرێمیەكانیش دەستێوەردانی دۆخەكە و بەتایبەتی دۆخی نێوخۆی توركیا بكەن و گەریلا بچێتە نێوشارەكانی باكوری كوردستان و توركیا و شەڕ و ململانێیەكانیش پەل بۆ نێوخۆی توركیا بهاوێژن و بەگشتیش توركیا لەشەڕەكەوە بگلێت. بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانە بڕەوێنێتەوە دەستی بەگواستنەوەی هێز بۆ سەرسنورەكانی رۆژئاوای كوردستان و باشوری كوردستان كردوە و بەفڕۆكەی چاودێری و فڕۆكەی شەڕكەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا بەچەكی كیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاكتیكی بەشەو رۆژ بۆمباران دەكات و دەیەوێت خەڵكی كوردستان بەو هێرشانە چاوترسێن و دەست لەجێ و واری خۆیان بەردەن.

ئەم پێدراوانەی لەم ماوەیەدا گوڕی پێدراوە نیشانی دەدەن كە دەوڵەتی داگیركەری تورك ئاكتۆری سەرەكی شەڕ و گوڕكردنەوەی ئەو شەڕەیە لەناوچەكە بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی تورك لەوەش پشتڕاستە كە دۆخی نێوخۆ و دەرەوەی رژێمی ئێران لەم كاتەدا دەست نادات بۆ ئەوەی دەستێوەردانی ناوچەكە بكات و بەوەش ئاكەپە و مەهەپە و هوداپار پیلانی ئەوەیان هەیە كە بەو شێوەیە دەتوانن لەیەك كاتدا هەم زەبر لەگەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادی بوەشێنن و هەم دەست و پێی رژێمی ئێرانیش بەلێدان لەحیزبوڵڵا هاوشێوەی حەماس وەك سەنگەری پێشەوەی رژێمی ئێران، ئەو وڵاتە لاواز دەكەن.

ئەگەر هێرش بكرێتە سەر حیزبوڵڵا رژێمی ئێران چی دەكات!!

لەئەگەری پیلانی ناتۆ، ئەوروپا ـ ئەمریكا و دەوڵەتی تورك بۆ سەر حیزبوڵڵا رژێمی ئێران هەڵوێستی لەبەرامبەر بەرێكخراوی حیزبوڵڵای لوبنان چی دەبێت؟ ئایا بۆ پاراستنی سەنگەری پێشەوەی شەڕەكە و هاوپەیمانەكەی لەلوبنان رووبەرووی ئیسرائیل و ناتۆ و ئەمریكا دەبێتەوە؟ یاخود خۆی لەبەرامبەر بەو هێرشانەی سەر حیزبوڵڵا بێ بەری و بەدور دەگرێت؟ ئایا دەیەوێت تەنیا بەڕێگەی لێدوان و بەئاخاوتنی ئاگرین و سیاسییانە پشتیوانی لەحیزبۆڵڵا بكات.

كێ گرەو لەسەر شەڕەكە دەكات، دەوڵەتی داگیركەری تورك یاخۆد رژێمی ئێران؟ ئایا بەهەڵگیرساندنی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەوڵەتی تورك و رژێمی ئێران لەبەرەیەكدا لەبەرامبەر بە ئیسرائیل دەوەستنەوە یاخود هەر یەكەیان لەبەرەیەكی دژ بەئەوی تر سەنگەر دەگرن و هەژموون و باڵادەستی خۆیان لەناوچەكە بەبنەما وەردەگرن.

دەوڵەتی داگیركەری تورك دامەزراوەیەكی بەكرێگیراوی مۆدیرنیتەی سەرمایەداریە لەناوچەكە و هەموو گرەوەكانی لەسەر هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هەڵچنیووە و چركە و خولەكەكان دەژمێرێت بۆ ئەوەی بۆمبە تەوقیتكراوەكە بتەقێتەوە و دەوڵەتی داگیركەری توركیش ئەو تەقینە وەك دەرفەتێك بۆ دەستێوەردان و ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور بۆ سەر باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بقۆزێتەوە.

لەهەمانكاتدا دەوڵەتی داگیركەری تورك دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە، رژێمی ئێرانیش لەشەڕەكەوە بگلێنێت و لەمەوقفێكدا بیهڵێتەوە كە بەئاسانی نەتوانێت بڕیار بدات.

هـ . ب