بە دیمەن

نەجمەدین غوڵامی: دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردێکە لە سەرجەم پارچەکان

لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان، هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی وتی: "لەهەر پارچەیەکی کوردستان بیت، تورکیا هەر دوژمنتە و دەیەوێت گەلی کورد بسڕێتەوە."

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری و داردەستەیی پەدەکە تادێن فراوانتر دەبن و ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی بەدواوەبووە، لەو چوارچێوەدا هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی رەخنە لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی بەشێک لە رۆشنبیران و هونەرمەندان دەگرێت داواش دەکات لە دژی ئەو داگیرکەرییانە هەڵوێستی توند بگیرێتەبەر، هەروەک راشیدەگەیەنێت دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردێکە لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان.

'هونەرمەند و ڕۆشنبیران بێهەڵوێستن'

هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیکرد و وتی: "حکومەتی ئاکەپە دوژمنی هەموو کوردە، جا لەهەرپارچەیەکی کوردستاندا بێت گرنگ نییە، ئێمە بینیومانە مناڵی بەر لانکی کوردی کوشتووە، هەربۆیە هەموو کارێک کە بتوانێ بیکات بۆ داگیرکردن و سڕینەوەی کورد دەیکات، ئەو دژی بوونی گەلی کوردە و لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەداخەوە هەڵوێستێکی ئەوتۆ نانوێنن بەرامبەری، هەروەها ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بێهەڵوێستن، کە ئەم بەرهەڵستی و هەڵوێست نواندنە ئەرکی هەرتاکێکی کوردە بەرامبەر دوژمنەکەی."

'گەلی کورد بەخوێنی شەهیدان ماوەتەوە'

هەروەها ئەو سەبارەت بە ڕۆڵی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان وتی: "گەریلاکانی ئازادی، خۆیان لە خۆشییەکانی ژیان گرتۆتەوە، بۆ پارێزگاری کردن لە خاک و گەلی کورد، ئەم گەلە بە خوێنی شەهیدان ماوەتەوە، بۆیە ئێمە نابێت لەبیری بکەین ڕۆڵی گەریلاکان لە پاراستماندا چەند گەورەیە و دەبێت ئێمەش لەناو شارەکان، خاوەن هەڵوێست بین و دژ بە دووژمنەکەی خۆمان بجەنگین."

هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی، باسی لەوەشکرد کە ئەو هونەری وەک یەکێک لە ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پشتگیری خەباتکاران بەکارهێناوەو و وتیشی: "چەندین گۆرانیم بۆ گەریلاکانی ئازادی و پێشمەرگەکان و خاکی کوردستان وتووە."

هـ . ب