هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە: بەرخۆدان ژیانە

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە لە گردبوونەوەی ئیستەنبوڵ گوتی: "ڕزگاری بە تەنها نابێ، یان هەموومان پێکەوە یان کەسمان، درووشمی تێکۆشانی ئازادیمان "بەرخۆدان ژیانە"یە".

گردبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ

لە درێژەی گردبوونەوەکەی ئیستنەبوڵ دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ، بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس، هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە قسەی کرد.

کاتێک ڤیان تەکچە هاتە سەر سەکۆ، درووشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی جولەمێرگ" بەرزکرایەوە.

ڤیان تەکچە سڵاوی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ محەمەد سدیق ئاکیشی گەیاندە ئامادەبووان و ڕایگەیاند تێکۆشانی گەلی کورد هەردەم ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، ئەوە ٨ ساڵە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دژی ئیرادەی گەلی کورد قەیوم دادەنێت، سێیەم جارە لە جولەمێرگ سیستەمی قەیوم دادەنرێت، گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ پشتگوێ دەخرێت تەنها ئیرادەی جولەمێرگ نییە، بەڵکو ئیرادەی تورکیاشە".

هەروەها ڕایگەیاند قەیوم کودەتایە دژی خۆبەڕێوەبەری شارەوانییەکان و دژی خزمەتکردنی سرووشت و ژنان و خاوەن پێداویستییەکانە.

ڤیان ئاماژەی بەوە کرد لە هەڵبژاردنەکاندا ئاکەپە هەموو دامەزراوەکانی حکومەت و هەموو سەرچاوەکانی خستە خزمەتی خۆیەوە، بەڵام گەلی جولەمێرگ دەم پارتی هەڵبژارد، قەیوم تەنها پرسی جولەمێرگ نییە بەڵکو پرسێکی هاوبەشە، بۆیە لێرە هەمووان پێکەوە بەرخۆدان دەکەن. هەروەها گوتی: "دانانی قەیوم پیشانی دەدات، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەسەڵاتێکە دژی ژنان و گەنجان و کوردان".

هەروەها گوتی: "ئەگەر قەیوم شارەوانی جولەمێرگ بەڕێوەببەن و ئێمە بێدەنگ بین، ئیرادەی گەل لە ئیستەنبوڵیش دەکەوێتە مەترسییەوە". پاشان گوتی: "بۆیە پاراستنی ئیرادەی جولەمێرگ، ئەرکی هەمووانە".

لەکۆتاییدا ڤیان گوتی: "درووشمی تێکۆشانە هاوبەشەکەمان دووبارە دەکەمەوە "ڕزگاری بە تەنها نابێت، یان هەموومان پێکەوە یان کەسمان. درووشمی تێکۆشانی ئازادیمان "بەرخۆدان ژیانە"یە. بەرخۆدانی ئیستەنبوڵ دەگاتە جولەمێرگ و ئێمە سەردەکەوین".

پاش وتەکانی ڤیان تەکچە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.