پرۆفیسۆر مایلی: سی پی تی ناچارە کە زانیاری رابگەیەنێت

لە وتەبێژانی هەڵمەتی ئاشتی لە کوردستان پرۆفیسۆر جێف مایلی رایگەیاند، دەبێت سی پی تی دەستبەجێ هەنگاو بنێت و بەر لە هەموو شتێک لەبارەی ئۆجالانەوە زانیاری بدات.

بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ئاشتی بۆ کوردستان پەرلەمانتاران، چالاکوانانی سەندیکایی و ئەکادیمییەکانیش لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیەکان نامەیەکیان بۆ کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) ناردووە و داوایانکردووە، دەستبەجێ شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکەن. یەک لەو کەسانەی نامەکەی واژۆکردووە پرۆفیسۆر جێف مایلی داوای لە سی پی تی کرد، ئەرکەکانی بە جێبگەیەنێت.

وێرای ئەندامانی دەستپێشخەری ئاشتی بۆ کوردستان پ. نوام چۆمسکی، جێرمی کۆربین، مایکڵ گانتێر، پ. بیل باورینگ و پ. ماری داڤیسیش نامەکەیان واژۆکرد. نامەکە بە ناونیشانی ' بانگەوازێکی بەپەلە کە دەبێ دەستبەجێ جێبەجێی بکەن' ئاراستەی سکرتێری سی پی تی ئالێن میچل کراوە. لە نامەکەدا هاتووە، کە سێ ساڵە بە هیج جۆرێک زانیاری لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە. لە نامەکەدا هاتووە، "وێڕای دۆخی جەستەیی ئۆجالان لە ئێستادا ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە کە لە کوێیە. تکاتان لێدەکەین کە دەستبەجێ بکەونەخۆ و هەنگاو بنێن. تەنیا بەم جۆرە ترس و نیگەرانیەکانمان دەڕەوێتەوە. ئێوە خاوەن ئەو مافەن کە سەردانی هەموو زیندانەکانی لایەنکانی بەشدار لە پەیمانەکە بکەن، کە تورکیاش یەک لەو وڵاتانەیە. تاکە داواکاریشمان ئەوەیە کە بۆ بینینی بەڕێز ئۆجالان و چاودێریکردنی تەندروستی ئەو شاندێک رەوانەی دورگەی ئیمراڵی بکەن و بەم جۆرە بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئێوە هانی تورکیا بدەن کە بە گوێرەی بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی بجوڵێتەوە، رێگە بە بنەماڵە و پارێزەران بدات سەردان ئەنجام بدەن، ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین. ئەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی پرسە هەنووکەییەکانی مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندی بە ملیۆنان کوردەوە هەیە، یارمەتیدەرە و لە هەمان کاتدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا رۆحی رێککەوتن و لێکتێگەیشتن نوێ دەکاتەوە، کە پێویستیەکی بەپەلە و هەنوکەییە.

لە وتەبێژانی دەستپێشخەری ئاشتی لە کوردستان (Peace in Kuridstan) پ. جێف مایلی سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئەرەم کانسۆی لە مەدیا خەبەر کرد.

'داوا لە سی پی تی دەکەین کە دەستبەجێ هەنگاو بنێت و ئەرکەکەی بەجێبگەیەنێت'

مایلی ئەوەی خستەڕوو، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە و وتی، "بەتایبەتی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئاشتی چاوەڕوانکراو و درێژەدان بەو پرۆسەیە، ئۆجالان زۆر گرنگە. ئێمەش وەک هەڵمەتی ئاشتی بۆ کوردستان داوا لە سی پی تی دەکەین کە دەستبەجێ هەوڵەکانی بخاتەگەڕ و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. بەتایبەتی دەبێت لە بارەی ژیانی ئۆجالانەوە ئاگادارمان بکاتەوە. ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان بهێندرێت و ئەوەش دەبێتە مایەی تاوانبارکردنی گەلی کورد و کردەوەیەکی دڕندانەشە لە دژی مرۆڤایەتی".

هـ . ب