بە دیمەن

"پێویستە عێراق ڕێگری بکات لە جێبەجێکردنی ئەجیندای تورکیا"

کاوێز مەلا پەروێز رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی رایگەیاند: "پێویستە عێراق ڕێگری لەو هێز و لایەنانە بکات کە ئەجیندای تورکیا جێبەجێ دەکەن".

کاوێز مەلا پەروێز ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) مەترسییەکانی فراوانبوونی داگیرکارییەکانی سوپای تورک بەهاوکاری پەدەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا لەسەر خاکی باشوری کوردستان، هەروەها پیلانگێری دەوكەتی تورک و پەدەکە دژی هەردوو پارێزگای کەرکوک و نەینەوا، دژایەتی کردنی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆ دانانی پارێزگاری کورد لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و داژیەتییان بۆ کورد بەگشتی و کوردانی کەرکوک بەتایبەتی و چەند پرسێکی گرێدراوی ئەو بابەتەی، تاوتوێ کرد.

 'پێویست بوو گەلی کورد بە یەک دەنگی لە دژی داگیرکاری بوەستێتەوە'

 سەبارەت بە داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، کاوێز مەلا پەروێز چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: "پێویست بوو گەلی کورد بە یەک دەنگی دژی هاتنی سوپای داگیرکاری تورک بوەستایەتەوە بەڵام بەداخەوە یەک دەنگیمان نەبینی دژی داگیرکاری تورکیا، بەڵکو تورکیا بێ ئەوەی کە چاوی میدیایی و هەڵای میدیایی و کۆدەنگی کوردی لەسەر دروست بکرێت زۆر بەئیسراحەت ناوچەیەکی زۆری لە هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە".

 'دەوڵەتی تورک ویستی دەست بەسەر شاری کەرکوکدا بگرێت'

هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆ داگیرکردنی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان و ئاشکرای کرد: "داگیرکاری تورک تەنها بەداگیرکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانەوە نەوەستاوە، ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کار لەسەر ناوچەکانی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکات و جیهانێکی ئەجیندای سونەی پێکهێناوە کە بەداخەوە بەشێکی کوردیش بوونەتە بەشێک لەم ئەجیندا سونیەی تورکیا کە تورکیا بووە بە چەتری کۆکردنەوەیان، دەبینین لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ویستیان ئەجیندای خۆیان بەڕێوەبەرن و دەست بەسەر دەسەڵاتی شارەکان بگرن وەکو ئەوەی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو لە کەرکوک بینیمان کە باڵێۆزی تورکیا وەکو شارێکی تورکیا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کەرکوک دەکرد".

 'پێویستە عێراق ڕێگری بکات لە جێبەجێکردنی ئەجیندای تورکیا'

 لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ جێبەجێکردنی ئەجینداکانی لە کەرکوک و نەینەوا، کاوێز مەلا پەروێز ووتی: "دەبوو حکومەتی عێراق ڕێگەی نەدایە کە تورکیا ئەو رۆڵە بگێرێت لەسەر دوو شاری گرنگی عێراق، کە چۆن بیەوێت بەو شێوەیە ئیدارەی شارەکان پێکبهێنێت، کە دەبینین وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشكرا دەلێت پێویستە پێکهێنانی ئیدارەی خۆجیی کەرکوک بەشێوەی نۆرە بێت لەنێوان پێکهاتەکان، پێویستە عێراق ڕێگری لەو هێز و لایەنانەش بکات کە ئەجیندانی تورکیا جێبەجێ دەکەن".

 'پێویستە لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی داگیرکاری تورکیا ببینەوە'

 ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتیشی: "وەزیری دەرەوەی تورکیا زۆر بە ئاشکرا دەلێت 'دەبێت پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک بە نۆرە بێت'، واتا وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆی بە پلان دانەری پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک دادەنێت، پێویستە ئەو مافە بە تورکیا و هێز و لایەنەکانی سەربە تورکیا نەدرێت مافی ئەوەیان هەبێت چارەسەنووسی ئەم ناوچەیە دابنێن، مەترسی داگیرکارییەکانی تورکیا زۆر گەورەترە لەوەی دبینێریت، ئەم داگیرکارییەی تورکیا هێندەی مەترسی بۆسەر ناوچەکە مەترسیشە بۆسەر ئەو هێزانەی سەر بە تورکیان، بۆیە مەترسی داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا جدییە پێویستە کورد بە کۆ دەنگی و یەک هەڵوێستی لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی هاتنی تورکیا بێتەوە،هەروەکو چۆن کەرکوکییەکان شکستیان بە ئەجیندای تورکی هێنا پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش شکست بەهاتنی تورکی بۆ ئەو ناوچانە بهێنرێت".

'تورکیا بەهاوکاری پەدەکە لەناچەکانی پەدەکە باڵادەستە'

 هەروەها کاوێز مەلا پەروێز باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد کە ڕێگەخۆشکەربووە بۆ داگیرکارییەکانی تورکیا، و ووتی: "ئەو دۆخەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە دۆخێکی خوڵقاندووە کە هەر هێزێک لە سنووری جوگرافیای خۆی بەپی بەرژەوەندی خۆی سیاسەت دەکات و ئیدارەی ناوچەکەی دەکات، باشوری کوردستان بە جۆری دابەش بووە ئیدارەی هێزە سیاسییەکان دیارە سنووریان دیارە، دەوڵەتی تورکیا لە کوێ باڵادەستە بێگومان بەڕێکەوتن و بەهاوکاری هێزێکی سیاسی(پەدەکە)یە لەو ناوچانە کە دەرفەتی بۆ تورکیا خوڵقان لەوێ بێت".

'دەبێت لەڕێگەی هەڵبژاردن پاشەکشە بە ئەجیندای تورکیا بکرێت'

هەروەها ئەو چاودێری سیاسییە باسی لە پاشەکشەکردن بە ئەجیندای دەوڵەتی تورک کرد و ڕایگەیاند: "لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و نەینەوا توانرا لە ڕێگەی هەڵبژاردن پاشەکشە بە ئەجیندای تورکی بکرێت، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لەم هەڵبژاردنەی داهاتوودا، تاوەکو تورکیا بەخواستی خۆی نەتوانێت فشار بخاتەسەر شارەکانی کوردستان، پێویستە لەسەر گەلی باشوری کوردستان کە هەر هێرشێکی داگیرکەری تورکیا بۆسەر هەر شارو شارۆچکەیەکی باشوری کوردستان هات هەموومان پێکەوە نیگەران بین، دەبێت ئەگەر ئازارێک بە سلێمانی گەیشت خەڵک لە دهۆک نیگەران بن ئەگەر ئازارێک بە ئامێدی گەیشتوو تورکیا داگیری کرد خەڵک لە جەلەولا و کەرکوک نیگەران بێت و ئەوە بە بەشێک لە پرسەکەی خۆی ببینێ بەم شێوەیە نەتەوە دروست دەبێت".

 'تورک نەیشاردۆتەوە کە بوونی کورد قەبووڵ ناکات'

 لە کۆتایی قسەکانیدا کاوێز مەلا پەروێز، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی ووتی: "هیوادارین لەم هەڵبژاردنەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئەو هاوکێشەیە بگۆڕدرێ و داگیرکاری تورکیا لە باشوری کوردستان پاشەکشەی پێبکرێت و ئەجیندای تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە شوێنێک ڕابگیرێ، دەبێت بزانین ئەجیندا و مەترسی دەوڵەتەکان لەسەر ئایندەی ئێمەی کورد چییە، تورک نەیشاردۆتەوە لە هیچ شوێنێکی جیهان بوونی کورد و ژیانکردنی کورد قەبووڵ ناکات، بۆیە پێویستە درک بەو مەترسیانە بکەین، پێویستە وەکو کورد تەمەشای بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین و بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆمان لەگەڵ دەوڵەتان پەیوەندی دروست بکەین، تورکیا ئەبێ لەنێو ئەو بازنەیە بێت کە هەمیشە بەمەترسی بزانین لەسەر بوونی خۆمان وەکو کورد".