پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر -١

دەوڵەتی ئاکەپە سەرەڕای ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی میسردا ڕووینەداوە سەبارەت بەتورکیا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسر دەستپێکردەوە. بۆچی پەیوەندییەکان پچڕا و بۆچی دەستی پێکردەوە؟

لەگەڵ "بەهاری عەرەبی" دوای ڕووخانی حکوومەتی حوسنی موبارەک، ئیخوان موسلیمین هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام دەسەڵاتدارییان لە میسر زۆری نەخایاند و بە دوای کودەتای سیسی دەسەڵاتیان کۆتایهات و پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر بەرەو خراپی چوو. پارتی ئاکەپە و ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک ماوەیەکی زۆر بە پشتیوانی کردنی ئیخوان موسلیمین لە سیاسەتی ناوخۆیدا کەڵکی وەردەگرت و دەیانوت هەرگیز لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی کۆنابنەوە و ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لایەنگری سیسی دەکەن. بەڵام ئەردۆغان و پارتەکەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تورکیا پێشوازییان لە سیسی سەرۆکی میسر کرد. ئەم پەیوەندییانە چۆن تێکچوون و ئەردۆغان و ئاکەپە چۆن هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر میسر نیشاندا؟ هەروەها سیاسەتە هەرێمیەکانی خۆی بەرامبەر میسر چۆن پێناسە کرد؟ سەرەتا با سەیری مێژوویی پشت پەردەی پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر بکەین.

ڕووخاندنی دەسەڵاتی موبارک: ئەی میسر، ئەی دایکی جیهان

'بەهاری عەرەبی' کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە تونس دەستی پێکرد، وردە وردە بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بڵاوبووەوە. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١١، حوکمڕانی ٢٩ساڵەی حوسنی موبارەک لە میسر کۆتایی هات. ئەم کۆتاییە بووە سەرەتای دەسەڵات بۆ ئیخوان موسلیمین، پارتی داد و ئازادی لە میسر. دوای ڕووخانی حوکمڕانی موبارەک، محەممەد مورسی سەرۆکی ئیخوان موسلیمین لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢ بوو بە سەرۆک کۆمار. دوای ئەوەی مورسی لە ٣٠ی ئەیلولدا هەڵبژێردرا، بەشداری کۆنگرەی ئاکەپەی کرد لە ئەنقەرە و سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد کە پشتگیریانی لێکردووە. دواتر ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی ئەوکات لەگەڵ ١٠ وەزیر و ٣٥٠ بازرگان سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسریان کرد. ئەردۆغان لە قاهیرە قسەی کرد و لەوێ باسی پرسی فەلەستین و سوریای هێنایە پێشەوە. لەوێ ئەردۆغان پشتگیری خۆی بۆ ئیخوان موسلیمین و دەوڵەتی نوێی میسر دەربڕی و وتی: "ئەی میسر ئەی دایکی جیهان سەرت بەرز بکەرەوە. تۆ میسری'. ئەردۆغان هەروەها باسی لە ئەرکی سەرکردایەتی جوگرافیای ئیسلام کرد کە خەونی پێوە دەبینێ و وتی: "فەلەستینییەکان تەسلیم نەبوون و نابن. لوبنانیەکان هەروەها تەسلیم نەبوون و نابن. عێراقییەکان، ئەفغانیەکان، سوورییەکان هەروەها تەسلیم نەبوون و نابن. ئێمە تەسلیم نابین. ئێمە باوەڕمان بە خەڵکی ئەم وڵاتە هەیە، واتا دەسەڵاتمان هەیە."

ئەو پەیوەندیانەی که له دوای کودتاکەوه هەڵوەشێنرانەوە

هاوپەیمانی پیرۆزی ئەردۆغان زۆری نەخایاند ساڵێک دوای حوکمڕانی مورسی لە ٣ی تەمووزی ٢٠١٣ لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی ـەوە کودەتایەکی سەربازی ڕوویدا و لە دەسەڵات لادرا. دەستبەجێ دەوڵەتی ئەردۆغان ناڕەزایەتی نیشاندا و گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەند. دوای ماوەیەکی کورت لە تێکچوونی پەیوەندییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٣، میسر باڵیۆزی باڵای تورکیای بە "کەسێکی نەخوازراو" ڕاگەیاند. دوای ئەم ڕووداوانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیره له ئاستی ڕاوێژکاریدا درێژەی هەبوو. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەو شێوەیە بەردەوام بوو. دوای کودەتای ساڵی ٢٠١٤، سیسی هەڵبژاردنی ئەنجامدا و بە سەرۆک کۆماری وڵات هەڵبژێردرا و دەسەڵاتەکەی بەوشێوەیە پتەوتر کرد و گوشارەکانی لەسەر ئیخوان موسلیمین زیاد کرد و زۆربەی سەرکردەکانیان ڕوویان لە تورکیاکرد و لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەمەش لەلایەن سیسی ـەوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

کێشەی جیهانی عەرەبی

ڕەخنەی تورکیا لە سیسی لەم قۆناغەدا و ئەو هەڵوێستەی نەک تەنها لە میسر بەڵکو لە جیهانی عەرەبیشدا نیشانی دا، بووە هۆی خراپبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا. سعودیە و ئیمارات کە گەورەترین پشتیوانی حکومەتی نوێی میسر بوون ناڕەزایەتی خۆیان لە هەڵوێستی ئەنقەرە دەربڕی. ئەمەش لە ڕووی تێکچوونی پەیوەندییە هەرێمیەکانی تورکیاوە دەرئەنجامی نەرێنی لێکەوتەوە.

هەرچەندە میسر باڵیۆزی تورکیای بە کەسێکی نەخوازراو ڕاگەیاندبوو بەڵام تورکیا لە ئاستێکی هاوشێوەدا وەڵامی میسری نەدایەوە. بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان تورکیا و میسر کەوتە مەترسیەوە. لە کاتی سەردانەکەی بۆ بەحرەین لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٣، وەزیری دەرەوەی ئەوکات ئەحمەد داودئۆغڵو کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبارەی میسرەوە وتی: "کاتێک دەنگمان لەسەر کودەتای سەربازی میسر بەرزکردەوە، ئامانجمان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی میسر نەبوو. ئێمە پشتگیری هیچ گرووپ و هیچ کەسێکمان نەکرد لە میسر. هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە میسر نیشانەی ڕێزمانە بۆ هەڵبژاردنی گەلی میسر."

ناونیشانی ڕابیعە لە سیاسەتی ناوخۆیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

ئەردۆغان بەهۆی لەدەستدانی ئیخوان موسلیمین لە پلانەکانی لە ناوچەکەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لە ناوخۆی تورکیادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەوکاتەی لە میسر کودەتا ڕوویدا، لە تورکیا چالاکیەکانی گەزی لەو ساڵانەدا بەردەوام بوو، کاتێک ئەردۆغان هەوڵیدا ناڕەزایەتیەکان بێدەنگ بکات، سیمبولی ڕابیعەی دروستکرد کە سیمبولی پارتی داد و گەشەپێدان بوو. ئەم هێمایە که له لایەن ئیخوان موسلیمینەوە له گردبوونەوەکانی دژ به کودتای سیسی به کاردەهێنرا به عەرەبی به واتای چوار دێت و هێمای سیمبولی ڕابیعە بوو بە سیمبولی ئەردۆغان. ئەردۆغان ئەم هێمایەی لە شێوەی "یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا، یەک وڵات و یەک نەتەوە" داڕشتووە و ڕێگای حوکمڕانیەکی تاکە کەسی دیاری کردووە. بە درێژایی ساڵان، ئاکەپە ستراتیژێکی داڕشتووە کە سیاسەتی دەرەوەی کردۆتە ئەجێندای سەرەکی سیاسەتی ناوخۆیی. هەرچەندە لە گۆڕینی هێزە هەڕەمەکانی زیانی بەرکەوت، بەڵام ئەم دۆڕاندنەی بە شێوازێکی جیاواز وەک هەرێمێکی دەسەڵاتداری بەکارهێنا و لە پڕۆژەکانیدا سەرکەوت.

بابەتی داهاتوو سەبارەت بە ڕووداوەکانی تێکۆچوونی پەیوەندییەکانی میسر و تورکیایە...