٢٢٩ پارێزەری لە ئێران دژی لە سزای لە سێدارەدان وەستانەوە

بە نامەیەک ٢٢٩ پارێزەری ئێران، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی هەر سێ ژنە سیاسی زیندانیکراو پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محمەدییان کرد و دەڵێن؛ سزای ئەو ژنانە کاریگەری لەسەر نەتەوە و هەستی جیاکاریی لە نێو هاوڵاتییانی کورددا دەبێت.

لە هەڵوێستەیەکی ناڕەزایەتییدا، ٢٢٩ پارێزەری ئێران دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری ئێران کردووە و بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.

لە نامەکەدا هاتووە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی دەکەین، دەبێت دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ ژنە نەک تەنها پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو پێچەوانەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە سەبارەت بە مافی ژیان و پرۆسەی یاسایی.

دەشڵێن، ئەو سێ ژنە لە لێواری مەرگدان و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكەیان کاریگەری لەسەر هاوسۆزی نەتەوەیی و هەستی جیاکاری لە نێو هاوڵاتییانی کورددا دەبێت.