بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی فیدراڵ، زانیارییەکانی لەسەر کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان، ئەندامان و بەڕێوەبەرانیان لەئەڵمانیا، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ناوخۆ ناسراو بە ڕێکخراوی پاراستنی دەستوور و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش هاوبەشی پێدەکات و زانیارییەکانیان پێ دەدات. ئەو کارە لە ڕووی یاساییەوە هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و تەنها بە بڕیارێکی حکومەتی هێلموت کۆهل لە ساڵی ١٩٩٤ەوە زانیاریی سەر ڕێکخراوەکان و کۆمەڵە کوردییەکان بەسەر دەزگا هەواڵگرییەکاندا دابەش دەکرێن.
گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە مانگی ئایار ئەو پرسە و تاوانبارکردنی کوردی خستە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و داوای لە حکومەتی نوێی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی ئۆلۆف شۆڵز کرد، کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زانیاری لەبارەی ڕێکخراوە کوردییەکانەوە لەگەڵ هەواڵگری و ئاسایشدا هاوبەشی و دابەش دەکرێت و ڕێگە دەدات دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری چاودێریی رێکخراوەکان بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئەو بڕیارەی سەرەوە نابینێت، بەڵام ئەو کارە ناوبراو بەردەوام دەبێت.
ئاکبولوت ئەندامی پەرلەمان داوای لە نووسینگەی خزمەتگوزارییە زانستییەکانی پەرلەمانی فیدراڵی کرد و پرسیاری کرد، ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە ٢٨ ساڵە بە سەر کۆمەڵە کوردییەکاندا سەپێنراوە، ئایا یاساییە یان نا؟. فەرمانگەی خزمەتگوزارییە زانستییەکان، کە لە بابەتە زانستی و یاسایەکاندا ئامۆژگاریی حکومەت و پەرلەمانتاران دەکات سەبارەت بەو پرسە ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
'نابێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک زانیارییەکانیان پێ بدرێت'
فەرمانگەکە ڕایگەیاندووە، نابێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زانیاری لەسەر رێکخراوەکان و کۆمەڵە کوردییەکان بە یەکەی هەواڵگری و ئاسایش بدرێت و ڕاشیگەیاند، بڕیارەکە تەنیا یاسای ناوخۆی ئیدارییە، بۆیە نابێت دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەو مەبەستە ئەرکدار بکرێن.
فەرمانگەى خزمەتگوزارییە زانستییەکان لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی دەستنیشانکردوە، کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە رێکخراوە کوردییەکان و هاوبەشیکردنیان لەگەڵ هەواڵگری و ئاسایش بەپێی یاسا نییە.
هەروەها لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەڵام کاتێک کۆمەڵەیەکی کورد کەوتە 'دۆخی گومان لێکردن' دەکرێت زانیارییەکانی ڕادەستی هەواڵگری بکرێت، بەڵام ئەوە تەنها بەس نییە، کە زانیارییەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بکرێت. فەرمانگەی خزمەتگوزارییە زانستییەکان ئەو کارانە بە نایاسایی دەزانێت و لەبەر ئەوەش ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی فیدراڵی گرت.
زانیاری بە کام دەزگا هەواڵگرییەکان دراوە؟
گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری فیدراڵی ئەوەشی خستەڕوو، قبوڵ ناکرێت رێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکان لەلایەن یەکە ئەمنییەکانەوە لە قاڵب بدرێن و چاودێری بکرێن، بۆیە داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو هەڵسوکەوت و شێوازەیان بهێنن.
ئاکبولوت ئاماژەی بە ڕاپۆرتی فەرمانگەى خزمەتگوزارییە زانستییەکان کرد و ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو داوایەی فەرمانگەکەدا، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ تا ئەو کاتەى گۆڕانکارییەکی نوێی یاسایی ڕوودەدات، کۆکردنەوەی داتا و ئامار لەسەر کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان ڕابگرێت.
حکومەتی شۆڵز دانی بەوەدا نا، کە زانیاری دەربارەی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان، کە زۆربەی ئەندامەکانیان کەسانی بیانین، بە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانیش دەدرێت.
ئاکبولوت باسی لەو بابەتە کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە، کە ئایا دەزگای هەواڵگری میتی تورکیش لەنێو ئەو دەزگا هەواڵگریانەدان یان نا؟ و ئاکبولوت وتی: "ئەگەر ئەو زانیارییانەش بە دەزگای هەواڵگری تورکیش درابێت، دەبێت ئەندامانی کۆمەڵە کوردییەکان ئاگادار بکرێنەوە".
ژ.ت