ڕێبەری گەلی کورد ٣ مانگی تر چاوپێکەوتنی لێ قەدەغە کرا

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ماوەی ٣ مانگی دیکە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لێ قەدەغە کرا.

بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لە لایەن پارێزەرانی نووسینگەى مافەکانی سەدەوە زانیارییان بەدەست گەیشتووە، بە پاساوی سزای نوێی دیسیپلین قەدەغەی چاوپێکەوتن بۆ ماوەی ٣ مانگ بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا سەپێنراوە.

پارێزەران دوای کۆتایهاتنی ماوەى قەدەغەى چاوپێکەوتن، داواکارییەکی نوێیان بۆ بینینی موەکیلەکانیان عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش پێشکەشکردووە.

لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا زیندانییەکانی ئیمرالی بە پاساوی سزای دیسیپلین، بۆ ماوەی ٣ مانگ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و دیداریان لێ قەدەغە کرا.

دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکە، پارێزەران سەردانی دادگای تاوانەکانی بورسایان کرد و داوایان کرد، کە بنەماڵەکان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

لە ٨ی حوزەیراندا، دادوەری وەڵامی ئەو داواکارییەی دایەوە و داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. لە پاساوی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەدا نووسیویەتی "سزاکانی دیسپلین هێشتا بەردەوامن".

پارێزەران لە ١٥ی حوزەیراندا لە لقی یەکەم دادگای سزای قورسەکانی بورسا تانەیان لە بڕیارەکەدا.

لە ٢٣ی حوزەیران، وەڵامی ئەو تانەیە درایەوە. دادگاکە ڕایگەیاندووە، لە ٣١ی ئایاردا، بۆ ماوەی ٣ مانگ سزایەکی نوێی دیسپلین  بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تردا سەپێنراوە و داواکارییەکەی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵیان ڕەتکردووەتەوە.

پارێزەرانی نووسینگەى مافەکانی سەدە ناڕەزایی خۆیان لە دژی ئەو بڕیارە نیشاندا، چونکە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دیسپلین لەو سزایە ئاگاداری نەکردوونەتەوە.

پارێزەران ماوەی ١٥ مانگە نەیانتوانیووە زانیاری لە موەکیلەکانیان وەربگرن و ڕایانگەیاند، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سەپاندنی ئەو  سزایانەوە لە ئیمرالی بێ ئاگا ببن و هیچ زانیارییەکیان لە ئیمراڵی نەبێت.

پارێزەران ڕاشیانگەیاند، داواکارییە یاسایی و مافدارانەکانیان بەردەوام دەبێت.

ژ.ت