چارەنووسی ٧ کوردی باکوری کوردستان نادیارە کە بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورک بۆ یونان هەڵهاتوون

چارەنووسی ٧ چالاکوانی باکوری کوردستان نادیارە کە بەهۆی فشار، توندوتیژی، ئەشکەنجە و سیاسەتی چەوساندنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوونەتە یونان.

بەپێی زانیاریەکان ٧ چالاکوانی کورد کە لە نێوانیاندا رۆژنامەنووس، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد و رەدکارانی ویژدانی هەن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک لە تورکیا هەڵهاتوون و چوونەتە هەرێمی ئۆریستیادای یونان، بەڵام چارەنووسیان نادیارە.

دوایین جار ئیبراهیم تانریئۆڤەر کە یەکێک لەو ٧ چالاکوانەیە، لەسەر تویتەر رایگەیاندبوو کە ئەوان لە هەرێمی ئۆریستیادای یونانن و داوای کردبوو کە حکومەتی یونان رادەستی رژێمی ئەردۆغانیان نەکاتەوە و وەک پەنابەر قبوڵیان بکات.

دوای پەیامەکەی تانریئۆڤەر ئاشکرابوو کە چالاکوانان، ئیبراهیم تانریئۆڤەر، زانا ئاکسو، جان کارادەنیز، رەمزیە کارادەنیز، سونگول بوزکورت، تایلان ئوڕال و مازلۆم ئاسکەرن.

ئیبراهیم تانریئۆڤەر لەسەر ناوی هاوڕێکانی دەڵێت، " من و ٦ هاوڕێم بەهۆی فشار، ئەشکەنجە، زیندانیکردن بە ئەنقەست، لەدەستی دەسەڵاتی تورکیا هەڵهاتووین و لە بارودۆخێکی سەختدا خۆمان گەیاندووتە هەرێمی ئۆریستیادای یونان. داوا لە بەرپرسان و دەزگاکانی یونان دەکەین کە رادەستی رژێمی ئەردۆغانمان نەکاتەوە کە هیچ یاسایەک ناناسن و ئاسایشی گیانمان پارێزراو نییە. تکایە داواکاری پەنابەریمان قبوڵ بکەن و هاوکاریمان بکەن."

ف.ق