دۆسیەی شەنیاشار: دەستبەسەرکراوان ئازاد کران

لە دۆسیەی هێرش بۆ سەر بنەماڵەی شەنیاشاردا بڕیاردرا بە ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراوان.

پاسەوان و کەسوکارەکانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەناوچەی پرسوسی رحا هێرشیان کردبووەسەر بنەماڵەی شەنیەشار و سێ ئەندامی ئەو بنەماڵەیان کوشتبوو. پرۆسەی دادگاییکردنی تایبەت بەو رووداوە بەردەوامە. دوای هێرشەکەی سەر کارگەی بنەماڵەی شەنیاشار و هێرشەکەی سەر نەخۆشخانە دوو لێپێچینەوەی جیاجیا دەستیپێکردبوو، بەڵام دواتر دۆسیەکە یەکخرابوو.

لە هەشتەم دانیستنی دۆسیەکەدا کە دۆسیە لە دژی ٣٠ کەس لە هەردوولا کە چواریان زیندانی کراون، کراوەتەوە، لە لقی سێهەمی دادگای سزا قورسەکانی مەلەتیە، زیندانی فازیل شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا باوک و دوو برای لەدەستداوە لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگەوە لە زیندانی ئامەدەوە بەشداربوو. سێ تۆمەتباریش لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ناوەکانی ئەنوەر یەڵدز، میکایل شیمشەک و جەلال یڵدزیش لەو زیندانانەی راگیراون بە سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنەکە بوون.

ئەمینە شەنیاشار کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا هاوسەر و دوو منداڵی لەدەستداوە بە هۆی کێشەی تەندروستیەوە نەیتوانی ئامادەبێت و پارێزەرانی بنەماڵەکە ئامادەبوون.

لە دانیشتنەکەدا بڕیاردرا ئەو چوار کەسە بە شێوەی کاتی ئازادبکرێن و تا دانیشتنی داهاتووی دادگا کە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت لەماڵەوە دەستبەسەربن.