دەوڵەتی تورک دەستیگرت بەسەر خوێ و لیمۆی زیندانیانی مانگرتوودا!

داود بارین لە زیندانی ئەسکیشەهیر لە چالاکیی مانگرتندایە و رایگەیاند، پاسەوانەکانی زیندان هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکەیان و دەستیان گرتووە بە سەر خوێ و لیمۆکانیاندا.

چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٢هەمین رۆژدایە. داود بارین یەکێک لە زیندانیانی سیاسییە، کە لە زیندانی جۆری ئێچ لە ئەسکیشەهیری ئیستەنبول لە چالاکیی مانگرتندایە. داود لە رێگەى تەلەفونەوە باسی دۆخی خۆیانی بۆ نەجلا بارینی دایکی کردووە و پێی راگەیاندووە، لەلایەن بەرپرسان و پاسەوانانی زیندانەوە گوشاریان خراوەتەسەر.

نەجلا بارین دایکی داود بارینی مانگرتوو رایگەیاند، دوای ئەوەى دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کردووە، جەندرمە و پاسەوانەکانی زیندان هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکان و دەستیان گرتووە بەسەر دەفتەر، کتێب و زۆرێک لە کەلوپەلی زیندانییەکاندا.

نەجلا بارین راشیگەیاند، لەو هەڵکوتانەدا جەرندرمە و پاسەوانەکان دەستیانگرتووە بەسەر خوێ و لیمۆی زیندانیاندا و بەرپرسانی زیندان هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە بەرامبەر بە زیندانیانی مانگرتوو ئەنجام بدەن.

ژ.ت