دیفێند کوردستان لە ناوەندی پارتی سەوز لە نەمسا چالاکییەکی ناڕەزایەتیی مەدەنیی ئەنجامدا

چالاکوانانی دیفێند کوردستان (کوردستان بپارێزە) لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لە ناوەندی پارتی سەوز چالاکییەکی نافەرمانیی مەدەنییان ڕێکخست.

ئەندامانی کۆمیتەی دیفێند کوردستان (کوردستان بپارێزە / Defend Kurdistan) لە ڤییەنا سەردانی بارەگای پارتی سەوزیان کرد و داوایان لەو پارتە کرد سیاسەتی دەرەوەیان سەبارەت بە شەڕی تورک لە کوردستان بگۆڕن.

پارتی سەوز پرۆژە پێشنیازێکی لە پەرلەمان ڕەتکردەوە، کە ئیدانەی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی لەلایەن تورکیاوە دەکرد. وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر ئەو نزیکایەتییەی پارتی سەوزی نەمسا دیفێند کوردستان چالاکییەکی لە ناوەندی پارتەکە ئەنجامدا.

سۆگۆمۆن تیهلیریان وتەبێژی دیفێند کوردستان لە نەمسا وتی: "سەوزەکان بە ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە خۆیان دەکەنە قونتەراتچییەک بۆ رژێمی تورکیا".

تیهلێریان لە بەردەوامی دا وتی: "چی بەسەر بەهاکانی پێشووی سەوزەکان دا هاتووە؟ ئەوان ئێستا چی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن؟ ئێمە بۆ بیرخستنەوەی بەها و پەرەنسیپی سەوزەکان لێرەین، داوامان ئەوەیە ئەم شێوازەی ئێستایان بگۆڕن. با بزانن کەسانێک هەن، کە لەنزیکەوە چاودێری ئەو سیاسەتانە دەکەن، کە ئەوان بەڕێوەی دەبەن".

ژ.ت