بە دیمەن

شەهید زیلان لە سیدنی و لیاگ یادکرایەوە

لە ٢٨ هەمین ساڵیادی چالاکییە فیداییەکەیدا شەهید زەینەب کناجی (زیلان) لە شارەکانی سیدنی و لیاگ یادکرایەوە.

لە ٢٨ هەمین ساڵیادی چالاکییە فیداییەکەیدا شەهید زەینەب کناجی (زیلان) لە شارەکانی سیدنی ئوسترالیا و لیاگی بەلژیکا یادکرایەوە.

سیدنی

بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی کورد (دەکتەم) شەهید زیلان و شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی و شەهیدانی مادیماک و شەڕڤانی یەپەگە هەڤاڵ باگۆک، بە مەراسیمێک یادکرانەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، لەسەر ناوی دەکتەم، تیمور تاڤتان و بروسک ئایڤەری قسەیان کرد، ئاماژەیان بەوە کرد دوای چالاکییە فیداییەکەی زیلان هەزاران مناڵ ناونران زیلان، سەدانیان پەیوەندیان کرد بە ڕیزەکانی گەریلاوە و ناوی زیلانیان هەڵگرت و بوونە شوێنکەوتەی وی، گوترا: "زیلان ڕۆحێکە، هێڵێکە، بە وتەی ڕێبەر ئاپۆ مانیفێستی ژیانە. گەلی کورد ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی پەکەکە، لە شێخ سەعیدەوە تا سەید ڕەزا، لە مادیماکەوە تا ڕۆبۆسکی، بە ڕۆحی زیلانەکانەوە لێپرسینەوە لە هەموو کۆمەڵکوژییەکان دەکات".

پاش پیشاندانی سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیانی شەهیدان، دایکی شەڕڤانی ئوسترالی یەپەگە ڕێجێ هاردینگ (هەڤاڵ باگۆک) کە لە ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش شەهید بوو، میشێلێ هاردینگ قسەی کرد، ڕایگەیاند وەک بنەماڵەیەکی کوردی لێرەیە، کاتی شەهیدبوونی کوڕەکەی چووەتە ڕۆژئاوا، لەوێ کوردەکان وەک بەشێک لە خۆیان پێشوازیان لێ کردووە، ڕایگەیاند شانازی دەکەم بنەماڵەکەم وەک بەشێک لە گەلی کورد قبووڵکراوە.

لە درێژەدا دایکی شەهید هەڤاڵ باگۆک گوتی: "هەزاران گەنجی کورد بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە دڕندەیی داعش گیانیان بەخشی. لەگەڵ ئەوەشدا، شەرمێکی مەزنە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی دەنگ هەڵنابڕن و چاودەپۆشن لە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک کە خاوەنی داعشە بەرامبەر بە گەلی کورد. کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان، بە بەرچاوی جیهانەوە لەبەردەم هەڕەشەی قڕکردندان. پێویستە دەوڵەتانی جیهان، باش لەم ڕاستییە تێبگەن کە گەلی کورد مافی خۆیەتی لەسەر خاکەکەی بە ئازادی بژی، خۆی بەڕێوەببات و دان بەم مافانەی بنرێت".

لە مەراسیمەکەدا وێنەی شەهید هەڤاڵ باگۆک لە چوارچێوەنرابوو پێشکەشی دایکی کرا، یادەکە بە کۆنسێرتی هونەرمەند ئاردل ئۆزگور کۆتایی هات.

لیاگ

بەهەمان شێوە لە شاری لیاگی بەلژیکا بۆ یادکردنەوەی شەهید زیلان مەراسیمێک ڕێکخرا، سەدان کوردستانی لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک کۆبوونەوە، وێنەی شەهید زیلان و شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی لە شوێنی مەراسیمەکە دانرا.

یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد. هەر لە یادەکە، شەهید سەما یوجەل و لەیلا ئاگری و ئاخین گابار و شەهید گوڵان و شەڕڤان بۆتان و شێخموس ملازگرت یادکرانەوە.

هاوسەرۆکی مەجلیسی لیاگ، باسی ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلانی کرد و نامەکەی زیلانی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندەوە.

پاشان هونەرمەند حەمید ئورمیە هەڵبەستێکی لەسەر شەهید زیلان خوێندەوە. دواتر سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیانی شەهید زیلان پیشاندرا.

یادەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.