گەنجان لە مارینان لە دژی گۆشەگیری رێپێوانیان ئەنجامدا

گەنجانی کورد لە کۆمینی مارینان لە باشووری فەرەنسا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوان و میتینگیان ئەنجامدا.

 بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە - TCŞ) و بزووتنەوەى ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تەکۆ – ژن / TEKO-JIN) بە دروشمی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، پێکەوە راپەڕین" چالاکییەکیان رێکخست و داوای کۆتایهێنانیان بە گۆشەگیریی ئیمراڵی و ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد.

لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پۆستەر و لافیتە بۆ ئیدانەکردنی رێککەتنی دژ بە شەنگال بەرزکرابوونەوە. دوای رێپێوانەکە میتینگ و گردبوونەوەیەک رێکخرا و سەرنج خرایە سەر بەرخودانى مانگرتنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیادا.

بە ناوی هەر دوو بزووتنەوەى گەنجان و ژنانی گەنجەوە راگەیاندراو خوێندرایەوە و تیایدا راگەیاندرا، تاوەکو داگیرکەری و سیاسەتی پاکتاوکردن لە هەر چوارپارچەى کوردستان کۆتایی پێنەیت و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەدی نەیەت، لە هەر شوێنێکدا بن درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

هەروەها داوا لە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی کورد لە ئەوروپا کرا، کە بەشداری چالاکییەکەى رۆژانی چوارشەممە لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا و یەکشەممە لە کاتژمێر ١٤:٠٠ دا ببن.

ژ.ت