گەنجانی ڕحا بانگەوازی بەشداربوونیان بۆ ڕێپێوانی ئامارا کرد

ئەنجوومەنی گەنجانی ڕحای دەم پارتی بانگەوازییان بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ئامارا کرد کە بە درووشمی "بە کۆمەڵگەیی دیموکراتیکییەوە بەرەو ئازادی دەڕۆین" کە لە نێوان ڕۆژەکانی ١ بۆ ٤ی ئادار لە ئامادەوە بۆ ئامارا ئەنجام دەدرێت.

ڕێپێوانی ئامارا

ئەنجوومەنی گەنجانی ڕحای دەم پارتی لە چالاکییەدا گردبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیان بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک ئەنجام دا و  بانگەوازیان کرد بۆ بە شداری لە ڕێپێوانی ئامارا.

چالاکیەکە لە پێش ئەو ماڵەدا ئەنجام دا کە ڕێبەر ئاپۆیی تێدا لە دایک بووە. لە چالاکییە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارت بە نووسینی "بە ڕێبەرێتی ئازاد بەرەو کوردستانی ئازاد" بەرزکرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن سەعید ئەحمەد شاهینەوە خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویە.

لە بەردەومیدا سەعید جەختی کردەوە لەوەی ئازادی گەلان پەیوەستە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە و لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی لە گەنجانی هەموو نەتەوەکان و بە تایبەتی گەنجانی کورد کرد بەشداری ڕێپێوانەکە ببن.

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەمە گوترا: "وەک گەنجان لەوباوەڕەداین هێنانەئارای ئاشتی و دیموکراسی پەیوەستە بە ئازادییەوە و درێژە بە کارەکانمان دەدەین لەم پێناوەدا. داوا لە گەنجانی وڵاتپارێزی کورد دەکەین لە ئامەدەوە تا ئامارا ڕێپێوانمان بکەین."

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتای هات.