هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە لە کۆبوونەوەیەک لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەندامانی چاپەمەنی، دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی یەکگرتن.

شاندێک بە بەشداری هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە و هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) ئەسەنگول دەمیر و بەڕێوەبەرانی ڕێکخستنەکانی دەم پارتی، لەگەڵ هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کۆبوونەوە. لەو چوارچێوەیەدا لە دەسپێشخەریی ٧٨ لە شیشلی لەگەڵ ڕۆژنامەوانان کۆبوونەوە.

ئیرادەی گەل پشتگوێ خرا

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە ڕایگەیاند پاش دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکە ڕێگەیان نەداوە بچنە نێو شارەوانییەکە، دووپاتی کردەوە پێش هەڵبژاردن کاندیدی ئاکەپە و پارێزگار بەرتیلیان داوەتە خەڵک و ویستویەتیانە ئیرادەی گەل بکڕن، بەڵام گەل ئیرادەی خۆی نیشاندا، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە ڕێزی لە ئیرادەی گەل نەگرت و ئیرادەیان زەوت کرد. لەبەرامبەردا گەل درێژە بە تێکۆشان دەدات.  

تەکچە تیشکی خستەسەر گرنگی چالاکییەکان دژی سەپاندنە نادیموکراتیکەکان، بەتایبەت نموونەی چالاکییەکانی ئیستەنبوڵی هێنایەوە.  

"مافی هەڵبژاردنمان پێشێل دەکەن"

تەکچە گوتی: "بە دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکە هەم مافی هەڵبژاردنی من، هەم مافی دەنگدانی خەڵکی جولەمێرگ پێشێل کراوە".

پاشان ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی جولەمێرگ، نەجیب جۆشکون و ئەڤین تان قسەیان کرد، دووپاتیان کردەوە، دیدار و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت.