حەوت چالاکوانی کورد دادگای کران

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەوت چالاکوانی کورد دادگای کران، دواتر بەشێوەیەکی کاتی بە دانانی بارمتەی ماددی بەردراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند حەوت چالاکوانی کورد لە لایەن دادگای داواکاری گشتی و شۆڕشی سنەی دەوڵەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی 'تێکدانی ئاسایشی گشتی' دادگای کراون.

دەربارەی دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەم زانیاریانەی خستووتەڕوو:

"لە ٢٣ـی شووباتی ئەمساڵدا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی حەوت چالاکوانی کورد لە لقی دووی لێپرسینەوەی داواکاری گشتیی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو. ئەو حەوت چالاکوانە کوردە بە تۆمەتی”تێکدانی ئاسایشی گشتیی” دادگاییکران و هەر یەکێکیان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن و بە شێوەی کاتی ئازاد کران."

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ناوی چالاکوانەکان بەم شێوەیە: فاتمه زەند کەریمی، زارا محەممەدی، سوهراب جەلالی، موختار ئەسەدی، کەمال فەکووریان، جەمیل ئەمینی و جەمال ئەسەدی.