جەنگاوەرانی هەبەدەهە لە شاری موغلا ئاگریان لە دوو ئۆتۆمبێل بەردا

جەنگاوەرانی شەڕڤان بۆتان (شەڕڤان ئەردەمجی) هەبەدەهە ڕایانگەیاند، لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان لە شاری موغلا ئاگریان لە دوو ئۆتۆمبێل بەرداوە.

جەنگاوەرانی شەڕڤان بۆتانی سەر بە هەبەدەهە، ڕایانگەیاند کە لە 19ی حوزەیران لە شاری موغلا دژی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکووری کوردستان، دوو چالاکیی جیاوازیان ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆتۆمبێلەکە سەر بە "فاشیستێک" بووە، لە سەر ڕێگای یەنیدۆغان لە شاری یالکاڤاک کە بە ناوچەی هۆتێلەکان ناسراوە، کراوەتە ئامانج.

جەنگاوەرانی هەبەدەهە ڕایانگەیاندووە کە لە نزیکەی کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەیانی هەمان ڕۆژ ئۆتۆمبێلێکی لوکسیان لە شاری مارماریس داوەتە بەر ئاگر.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە هەردوو چالاکییەکەدا ئۆتۆمبێلەکان بەتەواوی سووتێنراون و جەنگاوەرەکانمان بە سەلامەتی گەیشتوونەتەوە شوێنەکانی خۆیان."

جەنگاوەرانی هەبەدەهە هۆشدارییان دا: "تا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە باکوور بەردەوام بێت، هەر ناوچە و کەسێک کە پاڵپشتی ئابووری بۆ شەڕی فاشیزم بکات، دەبێتە ئامانجی جەنگاوەرانمان!"