کۆمەڵکوژی پاریس لە هێلسنکی شەرمەزار کرا و لە ڤیەننا یادی شەهیدان کرایەوە

لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس شەرمەزار کرا و لە ڤیەننا رێورەسمێک بۆ شەهیدانی پاریس رێکخرا.

کورد و دۆستەکانیان لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس کە سێ چالاکوانی کورد تێیدا شەهیدکران، چالاکی ئەنجامدرا. چالاکیەکە لەلایەن رێکخستنەکانی گەلی کورد وەک نەجەدەکە، پژاک، کەژار و کۆمەڵە – رێکخستنی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە سازکرا.

ژمارەیەکی زۆر دۆستانی گەلی کورد بەشداریان کرد. لەسەر ناوی نەجەدەکە راگەیەندراوێک بە زمانی فینی خوێندرایەوە و لەسەر ناوی کۆمەڵەکە راگەیەندراوێک بە زمانی کوردی خوێندرانەوە. لە راگەیەندراوەکاندا باسی ئەوەکرا کە دەستی دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵکوژیەکەدا هەیە، بۆیە پێویستە فەڕەنسا و ئەوروپا  بە گشتی دژی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە. هەروەها لە چالاکیەکەدا دەوڵەتی تورک و فەڕەنسا شەرمەزار کران.

لە ڤیەننا رێورەسمی یادکردنەوە ئەنجامدرا

لە ڤیەننای پایتەختی نەمساش بۆ ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) یەکێک لە پێشەنگەکانی ژنانی کورد، هونەرمەند میر محەمەد (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزل کە لە پاریس شەهید بوون، رێورەسمی یادکردنەوە ئەنجامدرا.

لە رێورەسمەکەدا لە کەسایەتی شەهیدانی پاریس بۆ یادکردنەوەی هەموو شەهیدانی شۆڕش، خولەکێک رێز گیرا.

لە رێورەسمەکەدا چالاکوان ئامەد قسەی کرد و وتی، " بە دەیان پرسیارمان لەبارەی کۆمەڵکوژی پاریس هەیە. دەوڵەتی فەرەنسا پێویستە حساب بدات. دوای ١٠ ساڵ کۆمەڵکوژیەکی دیکە روویدا. تاوەکو ئێستا بکوژانی ساکینە، رۆناهی و رۆژبین ئاشکرا نەکراون و ئێمە ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین.

رێورەسمەکە بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' کۆتایی هات.

ف.ق