کوردستانیانی شاری ستۆکهۆڵمی سوید لەسەر بانگهێشتی کەجەدەکە - ئە، چالاکییەکیان بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ئەنجامدا.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی شەش شەهیدی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بەرزکرایەوە و دروشمەکانی "ئەردۆغان بکوژە"، "ئەردۆغان توندوتیژی ئەنجام دەدات، ئەوروپاش سەیری دەکات" و "سارا، ڕۆژبین، ڕۆناهی، ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرانەوە. ڕێپێوانەکە لە بەردەم نۆرا بانتۆرجیت دەستی پێکرد و تا ناوچەی سێرجلس تۆرگیت لە ناوەندی ستۆکهۆڵم بەردەوام بوو.
لە کاتی ڕێپێوانەکە دا نامیلکە و بڵاوکراوە لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بەسەر هاووڵاتییان دا دابەش دەکرا و لەبارەی ئامانجی رێپێوانەکەوە بە سویدی قسەی بۆ هاووڵاتییان دەکرا.
عایشە گۆکتەپە وتەبێژی یەکێتیی ژنانی کورد لە سکاندیناڤی لە ناوچەی سرگێلس تۆرگت وتەیەکی پێشکەشکرد.
عایشە گۆکتەپە وتی: "دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی کەسێکی وەک ئەردۆغانی خوێنمژ، لە تورکیا تیرۆری ئەنجام دەدا و ئێستاش لە وڵاتانی ئەوروپادا ئەو کارە دەکات. هۆکارەکەشی بێدەنگی و بێهەڵوێستییە بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک. لە کاتێکدا ژنانی کورد بوونەتە سیمبولی بەرخۆدان و ڕاپەڕین، بێگومان دوژمنانی کورد ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت، دەبێت گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک دا خاوەنی ڕێوشوێن و ئامادەکاریی خۆی بێت. هەتا ئەم کۆمەڵکوژیانە ڕوون نەکرێنەوە ئێمە هەمیشە لە مەیدانەکاندا دەبین و درێژە بە بە شوێنپێی و رێگای هەڤاڵان و بەرخۆدانی گەلەکەمان دەدەین".
چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات و داوای بەشداریکردن لە چالاکیی دانانی تاجە گوڵینەی ڕەش بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا دا کرا، کە بڕیارە لە ٩ی کانوونی دووەم دا لە کاتژمێر ١٢:٠٠دا بەڕێوەبچێت.
ژ.ت