کۆمپانیاکانی بەلجیکا گەمارۆی چەکی سەر تورکیایان پێشێل کردووە

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەى دی مۆرگن (De Morgen)ی بەلجیکی کۆمپانیاکانی بەلجیکا بە هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا، گەمارۆی چەکی سەر تورکیایان پێشێل کردووە.

ساڵی پار جان جامبۆن سەرۆکی هەرێمی فلامانی بەلجیکا بڕیاریدابوو هەناردەکردنی چەک و کەرەستەى سەربازی بۆ تورکیا رادەگرن، چونکە تورکیا پشتیوانیی لە چەتەکان کردووە و هێرشیشی کردووەتە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و بەپێی ئەو بڕیارە گەمارۆی چەکی بەسەر تورکیادا سەپاند.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەى دی مۆرگن، کۆمپانیاکانی فلامان پارچەکانی فڕۆکەى ئەى٤٠٠ ئێم (A400M)ی لۆجستیی سەربازییان لە چوارچێوەی هاوکاریی ناتۆ و بە پاساوی ئەوەى کەلوپەلی دەستکەوتووە، هەناردەی تورکیا کردووە و بەوەش گەمارۆی چەکی سەر تورکیایان پێشێلکردووە.

کۆمپانیای فلامان راستەوخۆ چەک و پارچەکانی ئەی ٤٠٠ ئێمی (A400M) بۆ تورکیا هەناردە نەکردووە، بەڵکو چەک و کەرەستەکانی لە رێگەى کۆمپانیایەکی بەرههەمێنانی ئیسپانییەوە بۆ تورکیا هەناردە کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کۆمپانیای فلامان بە بڕی ٨٦ ملیۆن یۆرۆ کەرەستەى سەربازیی هەناردەی تورکیا کردووە.

ئەو فڕۆکانە، کە لەلایەن ئەو کۆمپانیا بەلجیکییەوە پارچەى بۆ دابینکراوە، لەلایەن تورکیا بۆ گواستنەوەى چەتەکان بۆ سوریا، لیبیا، ئازەربایجان و قەرەباغ دا بەکاری هێناوە. هەروەها ئەی ٤٠٠ ئێم  بەکارهێنراوە بۆ گواستنەوەى چەک بۆ لیبیا.

رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە لانیکەمەوە ١٥ گەشت و رۆیشتنی ئەی ٤٠٠ ئێم (A400M)-یان لە تورکیاوە بۆ لیبیا سەلماندووە. هەروەها  بەلانیکەمیشەوە ٦ گەشت و رۆیشتنی ئەو فڕۆکەیەیان بۆ ئازەربایجان سەلماندووە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوێک بە ناوی ڤریدیساکتی، پارچەکانی فڕۆکەى ئەی ٤٠٠ ئێم (A400M) سەدا ١٠ی بازرگانیی چەکی هەرێمی فلامان پێکدەهێنێت.

ژ.ت