سی پی جەی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەکەیدا هاتووە: "لە ساڵی ٢٠٢٢دا چەندین ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهاندا دەستگیر و زیندانیکراون. ئەمساڵ چەندین شەڕ و گوشار دروست بووە. سەرکردە دەسەڵاتخوازەکان بۆ بڕین و داخستنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و بەربەستکردنی ئازادیی رۆژنامەگەری، ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ بە تاوان دەزانن. لەساڵی ٢٠٢٢دا ٣٦٣ پەیامنێر لەئازادییەکانیان بێبەشکراون و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەم ڕێژەیە سەدا ٢٠ زیادیکردووە و ئەمەش حاڵەتێکی مەترسیدارە".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمساڵ زۆرترین ڕۆژنامەنووس لە ئێران، چین، میانمار، تورکیا و بیلاروسیا دەستگیرکراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، گوشارەکان لە تورکیا و ئێران بەتایبەتی لەسەر ڕۆژنامەنووسانی کورد زیاتر بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ئێران کوردەکان قوربانیی ناڕەزاییەتییان بەرامبەر بە حکومەت داوە و لانیکەم ٩ ڕۆژنامەنووسی کورد لە ئێستادا لە زینداندان. لە تورکیاش پەیامنێرانی ژن نیوز، ئاژانسی میزۆپۆتامیا و خەباتکارانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و بە گشتی ٢٥ ڕۆژنامەنووسی کورد دەستگیرکراون. ئەمساڵ تا ئەو شوێنەی ڕوون بووەتەوە لە عێراقیشدا سێ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون".
سی پی جەی ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە تورکیا ٤٠ ڕۆژنامەنووسن و ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای سانسۆڕیش دەگۆڕێت بۆ هێرشکردنە سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
ژ.ت