کۆنگرەی گەل بۆ بەشداری لە رێپێوانی پاریس بانگەوازی راگەیاند

کۆنگرەی گەل بۆ بەشداری لە رێپێوانی ٧ی کانونی دووەم لە پاریس بانگەوازی راگەیاند و باسی لەوەکرد، "بۆ ئەوەی فاشیزمی دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەین و داوا لە حکومەتی فەرەنسا بکەین کە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، لە پاریس دەبینە دەنگی بەهێزی شەهدیان".

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: "لە دەیەم ساڵیادی شەهیدبوونیاندا هەڤاڵان سارا (سەکینە) رۆژبین (فیدان) و روناهی (لەیلا) بە رێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنیەوە. بەڵێن دەدەین کە رژێمی فاشیستی ئەردۆغان بڕوخێنین و وەڵامدەری یادەوەری ئەوان بین".

راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوامە:

" لە لای فاشیزمی دەوڵەتی تورک وایە کە بە تیرۆرکردنی کادرە پێشەنگەکانی بزوتنەوەی ئازادی کورد، کە هێزی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی کوردستانن، دەتوانن بزوتنەوەکەمان لاواز بکەن. بەو ئامانجەوە لە دووەم کۆمەڵکوژی پاریسدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) و میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزڵ کە لەگەڵ ئەودا بوون تیرۆر کران.

سەرباری ئەوەی بە زۆر بەڵگەوە سەلمێنرا کە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس لە لایەن میتەوە ئەنجامدراوە، پلانداڕێژەرانی کۆمەڵکوژیەکە ئاشکرا نەکران. ئەوەش رێگەی بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریس خۆش کرد.

حکومەتی ئەردۆغانی فاشیست لە کاتی پێشوازی کردن و بە خاکسپاردنی تەرمەکانی میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزڵ هێرشی کردە سەر گەل، هەموو جۆرە توندوتیژییەکی کرد و بە شێوەی راشکاوانە نیشانیدا کە هێزی پلانداڕێژەری کۆمەڵکوژیەکەیە.

گەلەکەمان هەم لە سلێمانی پێشوازی لە تەرمی ئەڤین گۆیی کرد و بەهەمان شێوەش لە موش و قەرس بەرەوپیری تەرمەکانی میرپەروەر و عەبدولرەحمان کزڵ چوون. بە رێزەوە سڵاو لەو هەڵوێستە خاوەندارییەی گەلەکەمان دەکەین. گەلەکەمان بە خاوەنداری لە شەهیدانی خۆی وەڵامی پێویست و گونجاوی بە دەوڵەتی فاشیست دایەوە.

سبەینێ ٧ی کانونی دووەم بە بۆنەی دەیەم ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵان سارا، رۆژبین و روناهی، لە پاریس رێپێوان و گردبوونەوە ساز دەکرێت و هەردوو کۆمەڵکوژییەکانی پاریس شەرمەزار دەکرێن. داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکرێت کە گلادیۆی تورک کە کۆمەڵکوژیەکەی ئەنجامداوە ئاشکرا بکات.

هەربۆیەوە ئەو پەیامەی کە سبەینێ گەلەکەمان و دۆستانمان لە پاریس دەیدەن دەبێت زۆر بەهێز بێت. بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی گلادیۆی دەوڵەتی تورک لە ناوەندی پاریس پێشەنگانی گەلەکەمانی تیرۆر کرد شەرمەزار بکرێت و داوابکرێت بکەرانی راستەقینە ئاشکرا بکرێن، دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان سبەینێ لە پاریس بن.

بۆ ئەوەی فاشیزمی دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەن، داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، ئێمە لە پاریس دەبینە دەنگی بەهێزی شەهیدان".

هـ . ب