کەنەکە: لەگەڵ داخوازییە رەواکانی خەڵکی باشووری کوردستانین
کەنەکە رایگەیاند، پێویستە دەسەڵات لە باشووری کوردستان لەبری بەکارهێنانی زەبروزەنگ و وەلامدانەوەی خەڵکی بە چەک و تاوانبارکردنی هێزە کوردستانییەکانی تر، هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بنێت.
کەنەکە رایگەیاند، پێویستە دەسەڵات لە باشووری کوردستان لەبری بەکارهێنانی زەبروزەنگ و وەلامدانەوەی خەڵکی بە چەک و تاوانبارکردنی هێزە کوردستانییەکانی تر، هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بنێت.
کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیەنراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی توندوتیژی لەبەرانبەر خەڵکی مەدەنی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەداخەوەین بۆ گیانلەدەستدانی رۆڵەکانی کوردستان، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی گیانلەدەستداوان و خەڵکی کوردستان ئەکەین، هەروەها داوا کارین سەرجەم گیراوەکان لە هەموو ناوچەکان ئازاد بکرێن."
ڕاگەیەنراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:
"کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژی شەمە کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ( ئاوارتەی )ی کرد. تەوەری کۆبوونەوەکە خۆپیشاندان و رووداوەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان بوو.
چەند رۆژێکە خۆپیشاندان چەندین شارو شارۆچکەی باشووری کوردستانی گرتۆتەوە. قەیرانە چارەسەر نەکراوو کەڵەکەبووەکانی چەندین ساڵەی باشوور گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار. بەرجەستەکردنی نارەزاییەکان و خۆپیشاندان دەستی پێکرد. بەداخەوە زەربروزەنگ و رووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە. چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەداخەوەین بۆ گیانلەدەستدانی رۆڵەکانی کوردستان، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی گیانلەدەستداوان و خەڵکی کوردستان ئەکەین، هەروەها داوا کارین سەرجەم گیراوەکان لە هەموو ناوچەکان ئازاد بکرێن. لە هەمان کات دا پشتگیریی داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەرانین لە مافی داوا کردنی دەستەبەرکردنی بژێوی و خزمەتگوازاریی و ئازادی ڕادەربڕین و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئەوانە مافی هەرە سەرەتایی خەڵکن و هەوڵدان بۆ مسۆگەرکردنیان، بە ماف و ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێک ئەزانین. داواکارین بۆ دەستبەرکردنی ئەو مافانە، بە شێوازێکی دیموکراتی و ئاشتیانە، خۆپیشاندان و ناڕازەیەتییەکان بەڕێوە بچن و دور بن لە کاری توند و تیژی لە پێناو بە لاڕێ دا نەبردنی خواستە رەواکانیان.هەرچەند ئێمە دڵنیاین خەڵکی ناڕازیی و دڵسۆزی کوردستان لەوە هۆشیارترن کە کاری تێکدەرانە بۆ بە دەستهێنانی مافە رەوەاکانی خۆیان بکەن. هەر بۆیە پێویستە لە خۆپیشاندانەکاندا بە هەموو شێوەیەک رێ لەوانە بگرن کە بۆ مەرامی تایبەت و شێواندنی رەوتی راستینەی ناڕازیبوونەکان، کاری تێکدەرانەو نابەرپرسانە دەکەن.
هەمان کات پێویستە دەسەڵات لە باشووری کوردستان لەبری بەکارهێنانی زەبروزەنگ و وەلامدانەوەی خەڵکی ناڕازیی بە چەک و تاوانبارکردنی هێزە کوردستانییەکانی پارچەکانی تر، هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەجێهێنانی داخوازییەکانی خەڵک بنێن. بۆیە ئێمە پێمان وایە تەنیا رێگا دیالۆگ و وەلامدانەوەی دیموکراتیانەیە بە داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی.
لە دۆخێکی هەستیاری وەک ئێستادا کە کوردستان و ناوچەکە رووبەڕووی گۆڕانکاریی ئەبێتەوە، چەندین ئەگەری جیاواز لە رێدان. ئەم رەوشە لە لایەکەوە دەرفەتی زیاتر بۆهێرش و مەرامی تێکدەرانەی داگیرکەران دەڕەخسێنیت. لە لایەکی تریشەوە دەستکەوتەکانی کوردستان رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدان ئەکاتەوە.
لەم پێناوەدا کوردستان پێویستی بە حوکمرانیەکی شایستە بەم قۆناغەیە کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو سەدان سالەی ژێردەستیەیی و داگیرکاریی و نادادپەوەرییە بێ کە گەلی کوردستان پێیدا تێپەڕیون. سیستەمێک کە بتوانێ ژیانێکی ئازاد وشایستەو سەربەرز بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات. داواکارین حکومەتی هەرێم لە باشووری کردستان بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەو دیموکراتیانەی کێشەکانی خەڵکی باشوور، رێگای لەدەستتێوەردان و ئامانجەکانی داگیرکەران بگرن. هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵک بدەن نەوەک سەرکوتکردنی داخوازییەکانیان. هەروەها داوا لە هیزە چەکدارەکان دەکەین دەست لە بەکارهێنانی چەک و توند و تیژی لە دژی خۆپیشاندەران هەڵگرن. بە هەستی بەرپرسیاری و نیشتمانییەوە مامەلە لەگەڵ رووداوەکان بکەن."
ف.ق