بە دیمەن

لە چەند ناوەندێکی ئەوروپا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا

کوردستانی و دۆستەکانیان دژی هێرشی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چەند شارێکی ئەوروپا ڕژانە گۆڕەپانەکان و بانگەواز لە ڕای گشتی کرا شۆڕشی کوردستان بپارێزن و پشتیوانی بکەن.

هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و حەلەب لە چەند شارێکی ئەوروپا شەرمەزار کرا.

لیماسۆل

کوردستانی و دۆستەکانیان لە شاری لیماسۆلی قوبرس ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای یەپەگە و پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای پەکەکە و هەپەگە هەڵگیرا، درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی بەرخۆدانی یەپەگە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی پەکەکە" و "بژی هەپەگە" بەرزکرایەوە و سەدان بڵاوکراوە دەربارەی هێرشەکانی داگیرکاری بڵاوکرانەوە.

لەبەردەم شارەوانی لیماسۆل پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان، سیاسەتمەدار لەزگین سەرحەد و نوێنەری پەیەدەی قوبرس یاسین تەربوش قسەیان کرد.ئاماژە بەوە کرا گەلی کورد بێجگە لە هێزی خۆی هیوای بە هیچ دەوڵەتێک نییە و هۆشداری درا تەنها ڕاگەیاندراوی شەڕڤانانی ئازادیی کوردستان و نوێنەرە سیاسییەکانی گەلی کورد بەبنەما بگیرێن.

مالمۆ

کوردستانیان و دۆستەکانیان لەسەر بانگەوازی نەجەدەکە لە شاری مالمۆی سوید کۆبوونەوە. تۆڕی پشتیوانی فەڵەستین و تۆڕی پشتیوانی ئێران و کۆمیتەی ڕۆژئاوا و نوێنەری ڕێکخراوە چەپەکان بەشداربوون.

لەسەر ناوی نەجەدەکە ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، دووپاتکرایەوە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا درێژەپێدەری هێرشەکەی داعشە، بانگەواز لە ڕای گشتی کرا پشتیوانی تێکۆشانی گەلی کورد بکەن و خاوەنداری لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بکەن.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

گۆتەبێرگ

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری گۆتەبێرگی سوید دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کۆبوونەوە.

لە چالاکییەکەدا دووپاتکرایەوە، ئەم هێرشە پشتیوانی نێونەتەوەیی هەیە و بانگەوازکرا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

دارمشتاد

لەشاری دارمشتادی ئەڵمانیا دەیان کوردستانی و دۆستەکانیان لەسەر بانگەوازی مەجلیسی ژنان لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندی کۆبوونەوە و هێرشەکانیان شەرمەزار کرد.

لە گردبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی فەجەدەکە_کاوە محەمەد چۆپان قسەی کرد، تیشکی خستەسەر دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەلی کورد، ڕایگەیاند پێویستە کوردستانیان پشتیوانی لە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بکەن.

گردبوونەوەکە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی و درووشمی "خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکە" کۆتایی هات.

هانۆڤەر

لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بۆ هەمان مەبەست ڕێپێوان و گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا داواکرا دەوڵەتی تورک چیتر پشتگیری چەتەکان دژی ڕۆژئاوا نەکات و داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانیان کرا گۆڕەپانەکان چۆڵ نەکەن.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ستۆکهۆڵم

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لەسەر بانگەوازی مەجلیسی ژنانی ئامارا و نەجەدەکە چالاکیەک ئەنجامدرا.

کۆمیتەی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە چەپەکانی سوید بەشداربوون و لە چالاکییەکەدا بێ وەستان درووشم بەرزکرایەوە.

ئەندامی مەجلیسی ژنانی ئامارا گرین کاسیرگا ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و چەتەکان دەیانەوێت دەسکەوتەکانی گەلی ڕۆژئاوا لەناوببەن، گوتی: "دوژمنایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هیچ سنوورێک ناناسێت".

لەکۆتاییدا جەختکرایەوە چالاکییەکان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە سوید بەردەوام دەبن و گوترا: "بانگەواز لە ژن و گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکەین، خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن".

بەهەمانشێوە لە شارەکانی ئەمستردام و ئارنهایمی چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.