بە دیمەن

لە کەلار پێشانگایەکی کتێب کرایەوە

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار، بە هاوبەشی کتێبخانەی گشتی گەرمیان و دەزگاکانی؛ فام و ڕەهەند و ئەدیبان پێشانگایەکی کتێب لە کتێبخانەی گشتی کەلار کرایەوە.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن دەزگاکانی فام، ڕەهەند، بەختیاریی و ئەدیبان، پێشانگایەکی هاوبەشی کتێب کە ٦٠٠ ناونیشانی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لە کتێبخانەی گشتی کەلار کراوەیەوە. پێشانگاکە هەفتەیەک دەخایەنێت و داشکاندن بۆ سەرجەم کتێبەکان کراوە.

'ساڵانە دوو بۆ سێ جار پێشانگای کتێب دەکەینەوە'

 لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە، نەوزاد غەریب بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "ساڵانە دوو بۆ سێ جار پێشانگای کتێب دەکەینەوە، گرنگی پێشانگای کتێب لەوەدایە کە داشکاندن بۆ کتێبەکان دەکرێت چونکە لە ئێستادا دۆخی ئابووری خراپە و ئەمەش هاوکارییەکی باشە بۆ خوێنەران. پێمان خۆشە خەڵک گرنگی بە خوێندنەوە بدات وەک لەوەی زۆرترتن کاتەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەسەر ببات."

'خوێندنەوە بۆ تاک و کۆمەڵگە گرنگە'

وتیشی: "لەم پێشانگایەدا کتێبی جۆراوجۆر هەیە وەک مێژوو و جوگرافی و سیاسی، وە هەر لەم پێشانگایەدا کتێبی وەرگێڕدراوی تێدایە بۆ سەر زمانی کوردی کە لە لایەن نوسەرانی بیانییەوە نوسراون.

خوێندنەوە بۆ تاک گرنگی زۆری هەیە بە تایبەت لە ئێستادا بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەم دۆخە سیاسییەوە، بۆیە گرنگە بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوە بۆ ئەوەی بتوانین دەربازبین لەم ئاڵۆزییەی کە دروست بووە."

لە کۆتایی قسەکانییدا نەوزاد علی ئاماژەی بەوە کرد لەم دۆخەی کە لە ئێستادا دروستبووە بەهۆی بێکاری و ئاڵۆزیی سیاسی گرنگە بگەڕێنەوە بۆ لای کتێب، گوتی: "بەهۆی خراپی گوزەرانی خەڵک و بێکاری و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی ئەوەی پێویست بێت بۆ خەڵک بەرەپێشچوون و خوێندنەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی."