لە کەرکوک، بەدروشمی "شەهیدان هێمای شانازیمانن" یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرایەوە
لە مەڕاسیمێکدا لە کەرکوک، بەدروشمی "شەهیدان هێمای شانازیمانن" یادی ٤٥ـە مین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرایەوە.
لە مەڕاسیمێکدا لە کەرکوک، بەدروشمی "شەهیدان هێمای شانازیمانن" یادی ٤٥ـە مین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرایەوە.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ڕۆژی شەممە، بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکان، پێکهاتەکان، بیروباوەرە جیاوازەکانی کەرکوک و لایەنە سیاسیەکانی شارەکە، بەدەستپێشخەری نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی و یەکێتی کوردانی فەیلی، بەهاوکاری ماڵی کوردی فەیلی بەسەرپەرشتی دکتۆر تاریق المەندلاوی سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی گشتیی کوردانی فەیلی لە عێراق، لە مەڕاسیمی ٤٥هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق و باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "شەهیدانمان هێمای شانازیمانن" ئەو یادە بەرزڕاگیرا.
جێگای باسە، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا قورئان بۆ روحی شەهیدان خوێندرایەوە، دواتر هەمووان لەسەر دەنگی سرودی تایبەت بە شەهیدانی کوردی فەیلی و تەواوی شەهیدانی کوردستان خولەکێک بە پێیەوە وەستان.
'مانگی نیسان مانگی کارەسات و جینۆسایدە بۆ کوردانی فەیلی'
سەبارەت بە مەڕاسیمی یادکردنەوەکە، حاجی داود ئەسعەد فەیزوڵا، بەرپرسی کاروباری کوردانی فەیلی لە کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ١٩ی نیسان هەستان بە یادکردنەوەی رۆژی شەهیدی فەیلی، کە مانگی نیسان مانگێکی شوومە و بەدبەختییە بۆ کوردانی فەیلی کە لەم مانگەدا ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە لە عێراق و زیاتر لە ٢٢ شەهیدمان داوە و تاوەکو ئیستا ڕووفاتی شەهیدانمان دیارنیە، پێویستە هەموو ساڵێک یادی شەهیدانمان بەرزڕابگرین، ئێمە ئەمڕۆ سەربەرزین بە شەهیدانمان، وەکو کوردانی فەیلی داوا لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین مافەکانمان بۆ بگەڕێننەوە و کە بەشێک لە کوردانی فەیلی تاوەکو ئیستا ناسنامەکانیان بۆ نەگڕاوەتەوە و ڕووفاتی هەزارن رۆڵەی پێکهاتەی فەیلی بێ سەروشوێنن و پێویستە ڕووفاتەکان بۆ بنەماڵەکانیان بگەڕێندرێنەوە".
'هەموو ساڵێک ئەم یادە پڕ لە ئازارە بەبیردێنینەوە'
لەلای خۆیەوە، ژنە شاعری کوردی فەیلی، زەمیا مەلیکشاهی، کە ناوبراو لە هەمان کاتدا ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی ماڵی کوردی فەیلی-یە لە شاری هەولێر، سەبارەت بە جینۆسایدی کوردانی فەیلی، ئەو ژنە فایلییە بەم شێوەیە بۆ ئاژانسەکەمان دوا، "لە مەڕاسیمی ئەمڕۆدا یادی شەهیدانی کوردی فەیلیمان بەرز ڕاگرت، هەموو ساڵ لە مانگی نیسان دا ئەم یادە پڕ لە ئازارە بەبیردێنینەوە، کە یادی ئەو کوردە فەیلییانەیە بەبێ سادەترین ماف بەجێمانیان هێشت و کۆمەڵکوژ کران، تائیستاش داواکارییەکانی کوردانی فەیلی تەنها لەسەر کاغەزە، هیوادارین داواکارییەکانی پێکهاتەکەمان بۆ گەرانەوە مافەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ بکرێت".
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراق لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە، لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، لە دوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی، لە ساڵی ۱۹٦۸ـەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و جینۆساید بوونەوە، لە سەرەتای ساڵانی (۱۹۷۰) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی چل ھەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە، لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، لەساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی ھاوڵاتی بوونیان لێسەندرایەوە، پاشان دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیانیان، ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرایە سەر کوردە فەیلیەکان، بە زەوتکردنی ژنان و کوشتنی پیاو و منداڵەکان، بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ٤۰۰ هەزار ھاوڵاتی کوردی فەیلی بوونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشووی بەعس لە عێراق.