لە مارینیانی فەرەنسا رێپێوانێک بۆ ئازادیی ئۆجالان رێکخرا
گەنجانی کورد لە کۆمۆنی مارینیانی باشووری فەرەنسا رێپێوانێکیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێکخست.
گەنجانی کورد لە کۆمۆنی مارینیانی باشووری فەرەنسا رێپێوانێکیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێکخست.
چالاکوانانی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە / TCŞ) لە بەردەم شارەوانیی مارینیانی فەرەنسا کۆبوونەوە و چالاکییەکیان رێکخست.
چالاکییەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کۆتایی بە گۆشەگیری، داگیرکەری و فاشیزم بهێنە، پێکەوە راپەڕین" بەڕێوەچوو.
چالاکوانانی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ لە چالاکییەکەدا رایانگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ئیرادەی گەلی کوردە و وتیان، "ئیمەى گەنجانی کورد رایدەگەیەنین، ئەوانەى دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، با بڕۆن سەیری لاپەڕەکانی مێژوو بکەن. ئێمە هەرگیز سەرمان دانەنەواندووە و دایشی نانەوێنین. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت".
دوای خوێندنەوەى راگەیاندراوەکە، گەنجان بە ناو شارەکەدا دەستیان بە رێپێوان کرد و پۆستەرێکی گەورە، کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان" و ئاڵاکانی پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە و تەجەشەیان بەرزکردبووە.
ژ.ت