لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرخۆدان لە دژی گۆشەگیری بەرفراوانتر بوو
ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێک بوو، کە گەلی کورد و دۆستانیان تێکۆشانیان لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر و بەرفراوانتر کرد.
ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێک بوو، کە گەلی کورد و دۆستانیان تێکۆشانیان لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر و بەرفراوانتر کرد.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەیان هەوڵ و چالاکی و هەڵمەتو خۆپیشاندانی جەماوەری لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین وڵاتی جیهان لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گۆشەگیرییەکی توندی لە دژ بەڕێوەدەچێت. سەدان پارێزەر و دەیان هاوڵاتی داوایان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) کردووە، کە کار بکەن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دا ڕفێندرا و دیلکرا، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ماوەی ٢٣ ساڵ دیلێتی لە دوورگەی ئیمراڵی تێپەڕا. بەرخۆدانی گەل بۆ ئازادیی جەستەییان لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەردەوام بوو و تێکۆشان بۆ نەهێشتن و هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی زیاتر بوو.
بەهۆی ئەو خەبات و بەرخۆدانە مەزن و جەماوەرییەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١دا زانیاریی لێ بەدەست گەیشت و هەواڵێ زانرا، بەڵام ڕژێمی تورکیای فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ بەردەوامیدان بە گۆشەگیری و دابڕاندنی ڕێبەری گەلی کورد هەر چییەکیان لە دەست هات ئەنجامیاندا، کە هیچ نمونەیەک لەو شێوەیە لە جیهاندا نییە. دەوڵەتی تورک بە رژێم و سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەموو مافە یاساییەکانی عەبدوڵا ئۆجالانی زەوتکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا کردەوەیەکی دژی مرۆڤایەتیی بە ناوی 'سزای دیسپلینی' برەوپێدا و بەوەش گۆشەگیریی لە ناو گۆشەگیریدا پەیڕەو کرد و گۆشەگیریی قورستر کرد.
'سزاکانی دیسپلینی بە شێوەی ئۆتۆماتیکی درێژکرانەوە'
سەرەتا لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی بە تۆمەتی سزای دیسیپلین بۆ ماوەی ٣ مانگ چاوپێکەوتن و دیداریان لێ قەدەغە کرا. دوای ئەوەی سزاکە کۆتایی هات، پارێزەران داوایان دادگای سزاکانی بورسا کرد و داوایان کرد بنەماڵەکان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، هەروەها لە لەداواکارییەکەدا داوای ڕونکردنەوەی هۆکاری سەپاندنی سزای دیسپلینیش کرابوو. لە ٨ی حوزەیراندا، دادوەری وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داواکارییەکەی ڕەتکردەوە و ئەویش بە پاساوی ئەوەی 'سزاکانی دیسپلین هێشتا بەردەوامن'.
پارێزەران لە ١٥ی حوزەیراندا لە دادگای سزا قورسەکانی ١ی بورسا تانە و سکاڵایان لە دژی سەپاندنی ئەو سزایە و ڕەتکردنەوەی داوکارییەکانیان بۆ چاوپێکەوتن تۆمارکرد. لە ٢٣ی حوزەیران دا وەڵامی ئەم سکاڵایە درایەوە و دادگاکە ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی دەستەی دیسپلینی ئیمراڵی لە ٣٢ی ئایاردا بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلینی بە سەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەدا سەپاندووە و داواکارییەکەی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن ڕەتکردووەتەوە. بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەدەغەکارییەکە درێژکرایەوە. دوای ئەوەی قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لە ١٣ی نیسان درا، لە ١٨ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێهات. پارێزەرانی نووسینگەی یاسای سەدە، ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن سەردانی دادگای سزاکانی بورسایان کرد و زانیان، کە لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا عەبدوڵا ئوجەلان سزای ٦ مانگی دیکەی قەدەغەی چاوپێکەوتنی بەسەردا سەپێنراوە.
پارێزەر: لە سەردانەکەی سی پی تی دا چاوپێکەوتنی لەگەڵ نەکراوە
لە کاتێکدا ئەم قەدەغەکارییە سەرسوڕهێنەرەی دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی بەردەوام بوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشی دیکە ڕوویدا. ئەو ڕووداوەش لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) بوو، کە ئەو رێکخراوە بەردەنگ و موخاتەبی نێونەتەوەییە بەرامبەر بە ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی. ڕۆژی ٢٩ی تشرینی دووەم نووسینگەی یاسای سەدە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەردانەکەی سی پی تی لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا بۆ ئیمراڵی بە دەستیان گەیشتووە، ڕێبەری گەلی کورد لەگەڵ شاندەکە چاوپێکەوتنی ئەنجام نداوە.
نوسینگەی یاسای سەدە لە درێژەی لێدوانەکەدا وتی، سی پی تی دۆخی پێچەوانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئەم لێدوانە بووە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ژیان و تەندروستیی ڕێبەری گەلی کورد، خۆپیشاندانی جەماوەریی بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی ئەوروپا و لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوون.
ڕووداوێکی تر لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە ڕوویدا. داواکاریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی یۆنان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە پەسندکرا و چووە بواری کارپێکردنەوە. لە داواکارییەکەدا هاتووە، لە ماوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا کردەوەکانی یۆنان لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بووە.
هەروەها دەوڵەتی تورک لە وەڵامی داواکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوروپادا پلانی کاری خۆی لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپای کرد و جارێکیتر "مافی ئومێد"ی بۆ ئۆجالان ڕەتکردەوە. ئەنقەرە بەو میکانیزمە زیندانیانی ئیمرالی لەو مافە بێبەش کرد.
ئەو جۆرە ڕووداوانە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و سی پی تی و دەوڵەتی تورکەوە ڕوویاندا. لە لایەن گەلی کورد و دۆستان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆشنبیران و پارێزەران و زانایان و نوێنەرانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە داواکاری بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە گەشەسەندندا بوو. ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە ئیمرالی لە ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیەیە:
خۆپیشاندانی جەماوەری لە کوردستان و جیهان
نەورۆزی ئازادی: بزووتنەوەی ئازادیی کورد نەورۆزی ٢٠٢٢ی بە 'نەورۆزی ساڵی ٥٠هەمین' پێناسە کرد و داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان مۆری خۆی لێدا، بەتایبەتی ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد یەکێک بوو لەگەورەترین و شکۆدارترین نەورۆزەکان بوو و سەرباری هێرش و گەمارۆی پۆلیس نزیکەی ملیۆنێک کەس کۆ بوونەوە. لە نەورۆزدا داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.
ڕێپێوانی گەلی کورد بەرەو ئامارا: بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانێک بەرەو ئامارا ڕێکخرا. هەزاران کەس لە زۆرێک لە شارەکانی باکوری کوردستان و شارەکانی تورکیا بەرەو شوێنی لەدایکبوونی ئۆجالان، ئامارا بەڕێکەوتن. سەرەڕای ڕێگریەکانی پۆلیسی تورک، جەماوەری لەسەر ڕێگای خەلفەتی ڕێپێوانیان کرد. گروپێک لەسەر ڕێگای ئامارا کۆبوونەوە و دروشمی "ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز ئەی سەرۆک ئاپۆ" یان وتەوە.
ڕێپێوانی گەورەی بەرەو گەملیک: لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا هەدەپە، هەدەکە، کەجەدە، تەژەئا، مەد توهاد-فەد و دەبەپە ڕێپێوانی گەملیکی مەزنیان ڕێکخست بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. هەزاران کەس لە سەرتاسەری باکوری کوردستان و گەورە شارەکانی تورکیا بەشداریان لە ڕێپێوانەکەدان کرد، بەڵام دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر ڕێپێوانەکان بە تایبەتی پۆلیسی تورک لە کادیکۆی ئیستەنبووڵ هێرشیان کردە سەر جەماوەری قەرەباڵغی گەل، کە لەوێ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بچنە گەملیک.
چالاکی ئازادی چووە ناو ١٠یەمین ساڵەوە: چالاکیی ئێشکگریی ئازادی، کە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ەوە بە دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندنی گۆشەگیری، لە ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە. چالاکییەکە لە هاوین و زستاندا بەردەوامە، هەموو هەفتەیەک لەلایەن چالاکوانانی شارێکی جیاوازی ئەوروپاوە چالاکییەکە ئەنجام دەدرێت. لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا چالاکییەکە چووە ناو هەفتەی ٥٤٨هەمینەوە و بەوەش ماوەی ١٠ ساڵی بەردەوامی تێپەڕاند.
چالاکی لە بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی دووەمدایە: وەک بەشێک لە هەڵمەتی 'کات کاتی ئازادییە' هەنگاوێک دەستپێکرد بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری جنێڤی سویسرا چالاکیی چادرلێدان و دانیشتن لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە دەستپێکرد. هەموو چوارشەمەیەک چادرێکی ئێشکگری لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت و کوردستانیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا تیادا ئامادە دەبن و چالاکیی بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن.
ئیدانەکردنی گۆشەگیری لە پەرلەماندا: لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ئەمجارە لە ئەنقەرە گۆشەگیریی سەر ئیمرالی ئیدانەکرا. گروپێک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە کاتی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان لەسەر بودجە، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزارکرد.
بانگەوازەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستان و جیهانەوە لە دژی گۆشەگیری
پالما سەرۆکی پێشووی سی پی تی: لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٢ پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئیتالیا لە شاری ڕۆمای ئیتالیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا. یەکێک لە قسەکەرەکان سەرۆکی پێشووی سی پی تی مارۆ پالما بوو. پالما ڕایگەیاند، کاتێک کە سەرۆکی سی پی تی بووە، سێ جار دەرفەتی بینینی عەبدوڵا ئۆجالانی هەبووە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠١١دا ئۆجالانی بینیوە و ڕایگەیاند، گۆشەگیریی بەردەوام لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە. سی پی تی لەم بوارەدا چەند هەوڵێکی داوە. پالما ڕایگەیاند، دۆخی ئۆجالان بە شێوەیەکی جیاواز هەڵدەسەنگێنرێت و سیستەمێکی هەستیار دەسەپێنرێت. پالما وتیشی: "ناوی ئەمە (ئەو سیستمە) گۆشەگیرییە".
پارێزەری ماندێلا: لە مانگی ئایار لە ئیستانبول کۆنفرانسی "لە دژی سیاسەتی گۆشەگیری، مافی ئاشتی" بەڕێوەچوو و پارێزەری ڕێبەری ئەفریقای باشوور نیلسۆن ماندێلا، سراژ دیسای ئامادەبوو. دیسای ڕایگەیاند، پێویستە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت. دیسای ئەم بانگەوازەی کرد، "نیلسۆن ماندێلا، خۆی دوای ٢٠ ساڵ زیندانیکردن لەلایەن ڕژێمی ئەپارتایدەوە لە زیندان ئازاد کرا. بۆ ئازادکردنی ئۆجالانیش پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە و دەبێت ئازادکردنەکە ببێتە هاوکاری بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و وئارامیی کۆمەڵگە".
مارگرێت ئۆون: مارگرێت ئۆون، پارێزەری ناسراوی مافی مرۆڤی بەریتانی ڕایگەیاند، گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نایاساییە، بە پێچەوانەی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستانداردەکانی ماندێلا، بڕیارەکانی پەیماننامەى مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە. ئۆون بەبیری هێنایەوە، کە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەگەیشتووە، داواکارییەکانی پارێزەران و خێزانییەکان ڕەتکراونەتەوە و وتی، "ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە. ئەو یەکێکە لە بەهێزترین مرۆڤەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە زیندانیشدا هەوڵدەدات بەنوسینەکانی چارەسەری کێشەکان بکات. یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی شەڕی قورس".
کەسایەتیی گرنگی ئۆکسفۆرد: دکتۆر ئامبەر هەف دکتۆری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند، ئەو دۆخەی، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی تیادایە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و داوایکرد، دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
نۆام چۆمسکی: نوام چۆمسکی زمانناسی ئەمریکی، کە هاوکات یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئۆجالانی کرد. چۆمسکی دەربارەی گۆشەگیری وتی، "ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان کارێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و دەبێت دەستبەجێ لەو دیلایەتییە ڕزگار بکرێت. بیر و ڕامانەکانی سەرچاوەی هەنگاوی گرنگ و دەستکەوتی ڕۆژئاوان، لە هەمان کاتدا وەک هەڕەشەیەک لە لایەن هێزە دەسەڵاتخوازە ناڕەوا خۆسەپێنەکان بەسەر ناوچەکەدا بە مەترسی دەزانرێت".
ئێلدە لە ئیستەنبول بانگی کرد: لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، چەندین پارێزەری وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا لە ئیستانبول کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا. یەکێک لەوانە تۆماس شمیت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی پارێزەرانی مافی مرۆڤی جیهانی و دیموکراسی لە ئەوروپا (ELDH) بوو. شمیت تیشکی خستە سەر ئەو نامەیە، کە بەناوی ئیلدەوە بۆ لابردنی گۆشەگیری نێردراوە بۆ وەزارەتی دادی تورکیا و وتی: "لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە ئێمە نیگەرانین و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی تورکیا دەکەین و ئاگاداری کاریگەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم دۆخەین، گەلانی ئەوروپا ئاگاداری ئەو گۆشەگیرییەن".
٦٢ ڕۆشنبیر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ٦٢ سیاسەتمەدار و نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "پێویستە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بواری جەستەیی ئازاد ببێت. لە بانگەوازی ئەو ٦٢ کەسایەتییەدا لە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٢دا ئەوەش هاتووە: "ئەم هەنگاوە مافێکی سروشتییە بۆ هەموو مرۆڤێک، بۆ ئازادی و دادپەروەری گەلانی ناوچەکە و گەلی کورد".
٤١٥ کەسایەتی خەڵکی باشور: لە باشوری کوردستان ٤١٥ مامۆستا و ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکراوەیەک و بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە، لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، ئۆجالان لە پێناو ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەکۆشێت و پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادی دەکات.
بانگەوازی سەندیکایەکی تەمەن ١٧٥ ساڵ: هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە ئینگلتەرا بە پێشەنگایەتی ١٦ سەندیکا و یەکێتی و فیدراسیۆن دەستیپێکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەردەوام بوو یەکێتیی نانەوا و خۆراک و کاری گشتی، کە لە ساڵی ١٨٤٧ەوە کاری سەندیکایی بەڕێوەدەبات، لە مانگی حوزەیران بە بەشداری ٢٠٠ نوێنەر کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا و داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانی کرد. سارا وۆلی، سکرتێری گشتیی سەندیکاکە رایگەیاند، شانازی دەکەن بە پشتیوانیی بەهێزیان بۆ کەمپەینی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان.
دوو سەندیکای گەورە و سەرەکی بەشداری کەمپەینەکە بوون: لە مانگی نیساندا یەکێتی پەروەردەی نیشتمانیی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەشداری کەمپەینی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بووە. مانگێک دواتر و لە مانگی ئایاردا، ئەمجارە یەکێتیی کرێکارانی کۆمەڵایەتی بڕیاری دا بەشداری هەمان هەڵمەت بکەن.
داواکارییەکان لە کوردستان و تورکیا و جیهانەوە
ڕێکخراوە یاساییەکان سەردانی سی پی تی-یان کرد: یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ساڵی ٢٠٢٢ سەردانکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری یاسا و مافەکان بوو بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. لە ٦ی نیسان، کۆمەڵەی پارێزەرانی دیموکراسی لە ئەوروپا (ئی ئێل دی ئێچ)، پارێزەران بۆ پارێزەران و ئەی ئی دی داواکارییان پێشکەش بە سی پی تی کرد و داوایانکرد، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان، دەستبەجێ دەستبەکار ببن.
پارێزەران سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد: پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدەی لە مانگی ئایاردا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان و زیندانیانی دیکە لە ئیمرالی، عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش داوایان لە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی سزاکان کرد هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و نەهێشتنی گۆشەگیری بخاتە گەڕ و تا ئێستاش وەڵامێکی ئەرێنیان لە داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە تورکیا وەرنەگرتووە و ڕایانگەیاند، موەکیلەکانیان لە چوارچێوەی "ئینکۆمۆنیکۆدۆ - incommunicado" (بێ هۆکار و پاساو) ڕاگیراون.
٣٥٠ پارێزەر لە ٢٢ وڵاتەوە: ٣٥٠ پارێزەری ٢٢ وڵات داوایان لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد، کە سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی ئیمرالی بکەن و ئەو داواکارییەشیان لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.
٧٥٦ پارێزەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا: لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا ٧٥٦ پارێزەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد. نوسینگەی یاسای سەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە مەغریب و فەلەستین و کوردستانی فیدراڵ و عێراق و لوبنان و میسر و ڕۆژاڤا و سوریا و ئوردنەوە ٧٥٦ هاوکارمان داوایان لە وەزارەتی داد کردووە، کە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و یڵدرم و کۆنار و ئاکتاش ئەنجام بدەن".
داوای ١٥٥ پارێزەر لە ئەستەنبوڵ: لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ١٥٥ پارێزەری لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی لە ئیمرالی و هەڵگرتنی قەدەغەی چاوپێکەوتنی پارێزەران، چاودێریکردنی داواکارییەکان بۆ دابینکردنی مافە نێونەتەوەییەکان سەردانی کۆمەڵەی پاریزەرانی ئیستەنبولیان کرد.
٧٧٥ پارێزەر لە ٢٩ کۆمەڵەی پارێرزەرانەوە: ٧٧٥ پارێزەر لە ٢٩ کۆمەڵەی پارێزەرانەوە داوایان لە داواکاری گشتی بورسا کرد، کە قەدەغەی چاوپێکەوتنی پارێزەران بۆ زیندانی ئیمرالی هەڵبگرێت و لە نێوان ١٠ و ١٧ی حوزەیراندا داواکاریی پارێزەران جێبەجێ بکرێت و بۆ ئەوەش سەردانی داواکاری گشتیی بورسایان کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داواکاریی پارێزەرانی ئۆهەدە لە ئامەد ڕاگەیەندرا.
داواکاری کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد: لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا ١٠٥ پارێزەری ئۆهەدە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داوایان لە کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد کرد. هەروەها کۆمەڵەی پارێزگای ئامەد لە ١٤ی کانوونی یەکەمدا داوای لەوەزارەتی دادو کۆمەڵەی پارێزەرانی تورکیا کرد، کە بەهۆی ڕێگریکردن لە دیدارەکە لەگەڵ ئۆجالان کاری پیشەیی پێشێل دەکرێت و رێگری لەو پێشێلکارییە بکرێت.
داواکاری لە کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ: دوای کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد، کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ وەزارەتی داد و کۆمەڵەی پارێزەرانی تورکیا (TBB) کرد، قەدەغەی چاوپێکەوتن و گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی هەڵبگرێت و رێگا بە پارێزەران بدرێت سەردانی ئیمراڵی بکەن و کۆتایی بەم پێشێلکارییە بهێنن.
داواکاری کۆمەڵەی پارێزەرانی رحا: پارێزەرانی شاری رحاش هەمان هەوڵیان دا و پارێزەرانی لقی رحای ئۆهەدە لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا لە دژی ڕێگریکردن لە گفتوگۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان، سەردانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ڕحا کرد.
هەدەپە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن داواکاریی پێشکەشکرد: ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم، هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بووڵدان و میدحەد سانجار بۆ بینینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوایان لە وەزارەتی داد کرد، نوێنەرانی هەدەپەش بۆ هەمان مەبەست داواکارییان پێشکەش کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد کرد پێشکەشکرد.
ژ.ت