لە شتوتگارتی ئەڵمانیا سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەسەر ئەندامێکی داعش دا سەپێنرا

دادگای باڵای شتوتگارتی ئەڵمانیا "بە تاوانی ئەندامبوون لە داعش"دا سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگی زیندانیی بەسەر هاووڵاتییەکیی ئەڵمانیی تەمەن ٣٢ ساڵ دا سەپاند.

دادگای باڵای ویلایەتی شتوتگارتی ئەڵمانیا لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ەوە دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەو کەسە تۆمەتبارە و لە دوای ٨٣ دانیشتن و گوێگرتن لە وتەى ٨٧ شایەتحاڵ، بڕیاریدا بە تاوانی ئەندامبوون لە داعش دا سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەسەر ئەو کەسە تاوانبارەدا بسەپێنێت.

کەسە تاوانبارەکە لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا رۆیشتووە بۆ شاری هەولێر لە باشووری کوردستان و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا چووەتە ناو ریزی چەتەکانی داعش. تاوانبار وەک بەرپرسێکی باڵای چەتەکانی داعش لە هەولێر رێککەوتنێک لە نێوان وتاربێژێک و مەلایەکی ناسراودا دەکات.  

تاوانبار لە مانگی تەممووزی ٢٠١٦دا جارێکیتر دەڕواتەوە بۆ هەولێرو دەستدەکات بە چاودێریکردنی بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. کاتێک وێنە دەگرێت تاوەکو وێنەکان بۆ داعش بنێرێت پێی دەزانرێت و سزای ٢ مانگ زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت. دوای چەند مانگ ئەو تاوانبارە لە زیندان ئازاد دەکرێت و لە تەممووزی ٢٠١٧دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

لە دوای گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێت و لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ەوە دەستدەکرێت بە لێکۆڵینەوە و لە دوای ٨٣ دانیشتن و گوێگرتن لە وتەکانی ٨٧ شایەتحاڵ، لەلایەن دادگای باڵای شتوتگارتەوە بڕیاری ٥ ساڵ و ٦ مانگی زیندانیکردنی بۆ دەردەکرێت، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە، چونکە تاوانبار و داواکاری گشتیی فیدراڵ دەتوانن تانە لە دژی بڕیارەکە تۆمار بکەن.

دەستەى دادوەریی دادگای باڵای شتوتگارت لە چوارچێوەی سزادانی ئەو چەتە تاوانبارە بڕیارێکی نوێ بۆ زیندانیکردنی ئەو تاوانبارە دەرکرد، تاوەکو لە ئەگەری تانە لێدان لە بڕیارەکەى دادگا، نەتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

ژ.ت