لە ستۆکهۆلم یادی شەهیدانی چاپەمەنیی پەژاک و هەرمان ئاویەر کرایەوە

لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید یادی ٦ ئەندامی شەهیدی چاپەمەنیی پەژاک و هەرمان ئاویەر فەرماندەی ئەیالەتی مێردین و سێ هاوڕێی کرایەوە.

یادەکە بە پێشەنگایەتیی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدان رێکخرا.

ئەندامانی چاپەمەنیی پەژاک ئارمانج مەریوان (جەمال رەسوڵی)، وەدات ئامەد (محەمەد گیورەن)، رامان جاوید (رەحیم بوران)، هێرش مەهاباد (دیاکۆ بەختیاری)، ئارگەش باوەڕ (کاردۆ عەلیالی) و فرات چەلێ (بەهجەت تەکین ئاڵپ) لە ١ی ئایاری ٢٠٠٨ دا شەهید بوون و فەرماندەی هەپەگە هەورام ئاویەر (حەسەن مەحمودی) و رێبەر کوردستان (ئەیوب چام)، عەگید تمۆقی (قەهرەمان سونار) و رۆستەم فیراز (عیسمەت بلگیچ)، کە لە رۆژانی ٢٩-٣٠ی ئاداردا لە مێردین شەهید بوون، یادیان کرایەوە.

لە دوای خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، سینەفیزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهیدان نمایشکرا.

سیاسەتمەدار سەنانیک ئۆنەن وتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لە گرنگی و واتای مانگی ئایار لە ناو بزووتنەوەى ئازادیی کوردستاندا کرد، کە بە مانگی شەهیدان دەناسرێت.

سەنانیک رایگەیاند، هەر شەهیدێک داستانێک و ئەفسانەیەک بوو. راشیگەیاند، تەنها بە خاوەنداریکردن لە دۆز و رێگاکەیان دەتوانین ببینە وەڵامدەریان.

یادەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "شەهید نامرێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت