لە ستۆکهۆڵم یادی شەهیدان کرایەوە

لە ستۆکهۆڵم مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ شەهیدان بەڕێوەچوو.

لە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کورد لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە رێکخستنی مەراسیمێک یادی زەینەب کناجی (زیلان)، دیار غەریب، سەما یوجە و لەتیفە  سەلامەت کرایەوە. شوێنی یادکردنەوەکە بە وێنەی شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازێندرابوویەوە و مەراسیمەکە بە ڕێزگرتن و بێدەنگی دەستیپێکرد.

ڕوکەن یەتیشکین وتەبێژی بزووتنەوەی ژنانی ئازادی سکاندیناڤیا لە یادەکەدا باسی لەگرنگی مانای شەهیدان و بیرەوەرییەکانی خۆی  لەگەڵ برای زەینەب کناجی و چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەما یوجە کرد.

یەتیشکی  ئاماژەی بەوەشکرد، لە سایەی ڕەنج و خەباتی شەهیداندا ئەمڕۆ بە ئاستێکی زۆر پێشکەوتو گەیشتووین و وتی: "ئێمە بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بەتایبەتی شەهیدانی مانگی حوزەیران دەکەینەوە".

پاشان هیوا دیلان هاوڕێی هەڤاڵی شەهید دیار غەریب وتی، یادی هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان دەکەمەوە و تیشی: "بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦دا دیار غەریبم ناسی. بە کەسایەتی و مەعریفەی خۆی لە هەموو هەنگاوێکدا مامۆستا و پێشەنگ بوو. بۆ ئەوەی شایستەی شەهیدانی کوردستان بین پێویستە ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین و ئاستی کار و چالاکیەکانمان بەرزبکەینەوە. بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلەکەمان، ئەرکی ئێمەیە لە هەموو کاتێک زیاتر بەشداری خەبات و تێکۆشان بین".

دوای ئەوەش هونەرمەند سیدار یگیت وتی: "زیلان ناوی خۆی لە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان وەرگرتووە، کە لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری تورکیاوە ئەنجام دراوە. کاتێک بیر لە مانای زیلان دەکەیتەوە، دەزانیت ئەم گڕکانە لە کوێوە هاتووە. هیوادارم ئازاری کورد کۆتایی پێبێت و گەلەکەمان وەک هەموو گەلانی جیهان بەسەرکەوتوویی بژین. جارێکیتر لە کەسایەتی زیلاندا یادی هەموو شەهیدانی کوردستانم دەکەمەوە".

دوابەدوای ئەوەش بێکەس بەرواری شیعرێکی پێشکەش کرد، کە بۆ شەهید دیار غەریب و شەهیدانی کوردستانی نووسیبوو.

یادەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت