لە زیندانی کرشەهیر دیدار لە گەڵ زیندانیان بۆ ماوەی ٢٠مانگ قەدەغە کرا

لە زیندانی ئاسایشی باڵای کرشەهیر، دیداری زیندانیان لە گەڵ بنەماڵەکانیان بە بیانووی ئەوەی ڕەخنەیان لە خواردنەکان گرتووە بۆ ماوەی ٢٠مانگ قەدەغە کرا.

زیندان

ئۆزگور سەڤیم کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای کرشەهیر ڕاگیراوە، لە ١ی نیسان بە تەلەفۆن لەگەڵ دایکی بەهیە سەڤیم قسەی کردووە، لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی زیندانیانەوە زانیاری ڕاگەیاندووە و وتوویەتی؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا سزای ٤ مانگ دیدار لەگەڵ بنەماڵە و ٢٠مانگ قەدەغەکردنی دیداریان بەسەردا سەپێنراوە.

بەهیە سەڤیم، کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کوڕەکەی کردووە ڕایگەیاند: "لەبەر ئەوەی خواردنی زیندان خراپ بووە، زیندانیان بەڕێوەبەری زیندانیان ئیدانەکردووە و بەو هۆیەشەوە سزای ٤ مانگ سەردانی بنەماڵە و ٢٠مانگ قەدەغەکردنی دیداریان بەسەردا سەپاندووە."

بەهیە سەڤیم ئەوەشی ڕایگەیاند، سەرەڕای قەدەغە کردنەکان، قسەکردن بە زمانی تورکی بۆ زیندانیان کراوەتە ئیجبار.

بەهیە سەڤیم "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆی بە بیرهێنایەوە، وتی: "لەلایەک دەڵێن 'ئاشتی'، لەلایەکی دیکەشەوە درێژە بە سیاسەتی گۆشەگیری دەدەن. ئەمە ئاشتی نییە، بەڵکوو ئەمە سیاسەتی فریودان و چەوساندنەوەیە. بۆیە داوا لە هەموو دایکان دەکەم لە دژی ئەم نادادیە یەکگرتوو بن."