مستەفا کازمى: له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا زیاتر له‌ نیوه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كشێنه‌وه‌

میدیاكانى عێراق به‌شێك له‌ ده‌قى گفتوگۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و وه‌زیرى به‌رگرییان بڵاوكرده‌وه،‌ كه‌ له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى ئاهه‌نگى یادى 100 ساڵه‌ى دامەزراندنى سوپاى عێراق ئه‌نجامیاندابوو.

له‌ میانى گفتوگۆكه‌دا مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاندووه‌: “رێگه ‌ناده‌ین عێراق ببێته‌ مه‌یدانى ململانێی هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتووشدا زیاتر له‌ نیوه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كشێنه‌وه".‌

مستەفا کازمی ووتوشیه‌تى: "كشانه‌وه‌ى ئه‌م هێزانه‌ له ‌چوارچێوه‌ى گفتوگۆ ستراتیژییه‌كانى نێوان عێراق و ئه‌مریكادایه‌، له‌ داهاتوودا ته‌نیا چه‌ند سه‌د سه‌ربازێكیان له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى راهێنانكردن به‌ سوپاى عێراق و یارمه‌تیدانى هونه‌رى، كه‌ سوپاى عێراق پێویستى پێیه‌تى".

له‌لای خۆیەوە جومعه‌ عه‌ناد، وه‌زیرى به‌رگری عێراق به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى وتووه‌: "ئه‌گه‌ر به‌ وردى كارنه‌كه‌ین عێراق ده‌بێته‌ مه‌یدانى ململانێكان و شه‌ڕى ناوخۆ دروستده‌بێت".

جومعه‌ عه‌ناد، وه‌زیرى به‌رگری عێراق جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌: "پێویسته‌ سیاسییه‌كانى عێراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانیان وه‌لابنێن و له‌به‌رژه‌وه‌ندى عێراق كاربكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕى ناوخۆ یان هه‌ر رووداوێكى نه‌خوازراوى تر رووبدات هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ زیانیان پێده‌گات".

ژ.ت