نەبەدەهە: رۆژی خاوەنداریکردنە لە رۆحی ١٤ی تەمموز

نەبەدەهە بەرخۆدانی ١٤ی تەمموزی بەبیرهێنایەوە و وتی، "لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە وەک فەرماندە کەمال پیر، کادری پێشەنگ محەمەد خەیری دورموش و شەڕڤانە پێشەنگەکان ئاکیف و عەلی بجووڵێینەوە."

کۆمیتەی بەڕێوەبەری تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی گەلان (نەبەدەهە) بە بۆنەی ساڵیادی بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " دیکتاتۆری فاشیستی سەربازی ١٢ی ئەیلول کە بە زوڵم و دڕندەییەکی گەورەی جەستەیی و ئامانجی بۆ تێکدانی داهاتوو، بە ئامانجی چوکدادان و تەسلیم وەرگرتن، وڵاتی کردە زیندان و هەموو باڵەخانەیەکی دەوڵەتی بۆ ئەشکەنجەخانە گۆڕی. زیندانیان کردە شوێنێکی بەو شێوەیە کە پێناسەکردنی زەحمەتە. لە زیندانەکانی مەتریس، ماماک و ئامەد بە ئەشکەنجەی قۆڕس و دڕندەیی هەوڵیداندا کە زیندانیە شۆرشگێرەکان تەسلیم بکەن. بە تایبەتی لە زیندانی ژمارە پێنجی ئامەد ویستیان کە تێکۆشانی ئازادی کورد بێدەنگ بکەن و ئامانجیان ئەوەیە کوردستانی ئازاد بخنکێنن. ویستیان کە ئەو کەسانەی لەسەرپێن، ئەوانەی بەرخۆدان دەکەن، تەسلیم بکەن.

لە زیندانی ژمارە پێنجی ئامەد لەنێوان تەسلیمیەت و بەرخۆدان، خیانەت و دڵسۆزی لەگەڵ شۆرش، کۆیلایەتی و ئازادیدا لە ئاستێکی بەرزدا شەڕی ئیرادە بەڕێوەبرا. لەدژی خیانەت و تەسلیمیەت، مازلۆم دۆغان لە ریزی پێشەوەی تێکۆشاندا جێی گرت. ئاگری نەورۆز کە هەڤاڵ مەزلۆم کردیەوە، سات بە سات لە هەموو زیندانەکاندا بڵاو بووەوە. وڵامەکە درەنگ نەکەوت: فەرهاد کورتای، نەجمی ئونەر، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئایناک ئاگری بەرخۆدانیان گەورەتر کرد.

ئەم بەرخۆدانەی شەرەف کە دیوارەکانی زوڵمی هەژاند، ١٤ی تەموزی ١٩٨٢ بە بریاری هەڤاڵان محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر گەیشتە بەرزترین ئاست. ئاو ئێدی بەرەو زاڵمەکان شەپۆلی نەدەدا. بەرخۆدانی رۆژووی مردن ڕێرەوی ئاوەکەی گۆڕێ. تاوانی گەورە کە لە زیندانەکاندا لەدژی شۆڕشگێران ئەنجامدەدرا لەلایەن فاشیستەکانی ١٢ی ئەیلول، لە زیندانەکان و لە دادگاکاندا، دادگاییکران. سیاسەتی بێکەسایەتیهێشتنەوە شۆڕشگیرەکان و خیانەت ئیفلاسی کردبوو. لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک رووبەرووی هێرشی لەناوبردن بووەوە. زیندانیە شۆرشگێرەکان بە بەرخۆدانی رۆژووی مردن دەستیان بە دادگاییکردنی دیکتاتۆرە فاشیستەکان کرد. مەزلۆمەکان و زیندانیە شۆڕشگێرەکان، فاشیزمیان لە دادگای ١٢ی ئەیلول دادگایی کرد. ئەشکەنجەیان شەرمەزار و روسوا کرد."

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا نەبەدەهە وتی، " لەو رۆژەوە و تاوەکو ئێستا، سیاسەتی فشار و داگیرکەری چینی سەردەست، هێرشەکان بۆ لەناوبردنی کوردان هیچ کاتێک نەگۆڕاوە. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک بە داگیرکردنی باشوری کوردستان دەیەوێت کوردان قڕ بکات. بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجامە. رۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز دەمێکە لە چیاکاندا ئاوێتەی چیاکانی کوردستان بووە. هیچ خیانەت و سیاسەتێکی نۆکەری ناتوانێت تێکۆشانی ئازادی کورد راوەستێنێت.

لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە وەک فەرماندە کەمال پیر، کادرە پێشەنگەکان محەمەد خەیری دورموش و شەڕڤانە پێشەنگەکان ئاکیف و عەلی بجووڵێینەوە. ئەمڕۆ ئەو ساتەیە کە رێڕەوی چەم و روبارەکان بگەیەنینە یەکتری و لەدژی فاشیزم شەڕ بکەین. کاتی ئەوەیە کە لە تێکۆشانی یەکگرتووی گەلاندا ببینە فەرماندە."

ف.ق