پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمڕالی لەبەردەم پەرلەمان مانگرتنیان دەست پێکرد

دوای قەدەغەکردنی مانگرتنەکەیان لە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا، پەرلەمانتارانی هەدەپە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەر ئۆجالان لە بەردەم پەرلەمانی تورکیا مانگرتنیان دەستپێکردەوە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا مانگرتنیان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێکرد، پۆلیسی تورکیا چالاکییەکەی قەدەغەکرد.

پەرلەمانتاران مانگرتنەکەیان گواستەوە بۆ بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا و بڕیارە لەوێ درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن. هاوکات پۆلیس هەڕەشەی لە ڕۆژنامەنووسان کردووە و دووریخستوونەتەوە لە شوێنی چالاکییەکە.

تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ بەبێ بڕیاری نووسراو و بنەمایەکی یاسایی ڕێگرییان لە ئێمە کرد بچینە وەزارەتی داد، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانەوە ڕاگەیەندراوی خۆمان لەبارەی ناجێگیریی دۆخی ئیمرالییەوە دەدەین”.

وتیشی:”ئەمڕۆ دیسان بۆمان دەرکەوت کە گۆشەگیری لە ئیمرالی گۆڕاوە بۆ فۆرمی ئیدارەی تورکیا، دەمێکە لەم وڵاتەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە کێشەکان بە چارەسەر و دیالۆگ و ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر بکرێن. بەڵام نزیکەی دوو ساڵە گرنگترین ئەکتەری چارەسەریی گۆشەگیر کراوە، ماوەی دوو ساڵە هەموو خەڵکی تورکیا دەیانەوێت پارێزەر و بنەماڵەکەی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکە کۆببنەوە و خەڵک دەیانەوێت بزانن لە ئیمرالی چی دەگوزەرێت”.

جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە داواشی کرد، “با پارێزەران بچنە ئیمرالی و دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکەن، چونکە سەردانەکەی سی پی تی بۆ ئیمرالی گومان و نیگەرانییەکانی ئێمەی زیاتر کردووە، بنەماڵە، گەلی کورد، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەدەپە زۆر نیگەرانن”.

ف.ق