قوربانیانی کۆمەڵکوژی مادیماک یادکرانەوە: ڕووناکی سێواس ناکوژێتەوە

لە ئیستەنبوڵ و وان و ئێلح و ئەزمیر قوربانیانی مادیماک بە چالاکی یادکرانەوە.

٣٣ رۆشنبیر لە هۆتێلی مادیماک لە ناوەڕاستی سێواس لە ٢ی تەمووزی ١٩٩٣ تیرۆرکران، لە ٣١ەمین ساڵیادی ئەوکۆمەڵکوژیەدا لە ئیستەنبوڵ و وان و ئێلح یادی قوربانیان کرایەوە.

پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاوڵاتیان بەشداری چالاکییەکان بوون، درووشمەکان بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکە و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بەرزکرانەوە.

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ لەسەر ناوی دەسپێشخەریی ٢ ی تەمموزی ساری غازی، گوڵ ئینجە ڕایگەیاند یادکردنەوەی قوربانییەکان لەمڕۆدا واتای درێژەدان و مەزنکردنی تێکۆشانەکەیانە، گوتی: "خاوەنداری لە تێکۆشانەکەیان دەکەین، ئەوان لەیاد ناکەین و لە بکوژان نابووریین. ڕووناکی سێواس ناکوژێتەوە".

لە چالاکییەکەی وان، دووپاتکرایەوە ئەم کۆمەڵکوژییە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی تورکیادا دەمێنێتەوە، هێزەکانی پشت کۆمەڵکوژییەکە، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی تر، بە ئەنقەست ئاشکرا نەکران. گوترا: "پاش کۆمەڵکوژی سێواس، هێشتاش جیاکاری و بەئامانجگرتنی عەلەوییەکان بەردەوامە".

لە چالاکییەکەی ئەزمیر لەسەر ناوی فیدراسیۆنی عەلەوییەکان بەکتاشی ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە، دووپاتکرایەوە کۆمەڵکوژی سێواس تاوانێکی مرۆڤایەتییە، گوترا: " ئاکەپە لە سەرەتای دەسەڵاتی خۆیەوە لایەنگری زیهنیەتی کۆمەڵکوژی بووە. ئاکەپە لەو بکوژانە خۆش بوو کە لەسەر ئەو تاوانانە سزا درابوون. ئەگەر ئاکەپە هەنگاو ئاساییبوونەوە دەنێت، سەرەتا پێویستە بڕیارەکانی بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی عەلەوییەکان جێبەجێ بکات و هۆتێل مادیماک بگۆڕێت بۆ مۆزەخانەی شەرمەزاری".