قەیومە داسەپاوەکەى سەر زانکۆی بۆغازچیی ئیستەنبول لە کار لابرا

پرۆفیسۆر دکتۆر مەلیحی بولو-ی ئاکەپەیی، کە وەک قەیوم لەلایەن ئەردۆغانەوە داسەپێنرا و کرا بە سەرۆکی زانکۆی بوغازچی ئیستەنبول، لە ئەنجامی بەرخودانی خوێندکاران و رای گشتیی دیموکراتیک دا لە کار لابرا.

 

پرۆفیسۆر دکتۆر مەلیحی بولوی ئاکەپەیی ٦ مانگ لەوە پێش بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک وەک قەیوم داسەپێنرا بەسەر زانکۆی بۆغازچیی ئیستەنبول و کرا بە سەرۆکی ئەو زانکۆیە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان و گوشارەکانەوە بە ناچار لەسەر کارەکەى لادرا و بڕیاری لابردنەکەشی لە رۆژنامەى فەرمی دا بڵاوکرایەوە.

هەر لە یەکەم رۆژی داسەپاندنەکەیەوە لە دژی بولو دەستکرا بە چالاکی و داوا کرا دەست لەکار بکێشێتەوە و بۆ ئەوەش خوێندکاران و ئەکادیمییەکان دەستیان بە چالاکیپەکانیان کرد. ئەو چالاکییانە بۆ ماوەى چەند مانگێک بەردەوام بوو و ژمارەیەکی زۆر خوێندکار دەستگیرکران.

پشتیوانانی بۆغازچی ئەم پەیامەیان بڵاوکردەوە:

"لە رۆژی یەکەمەوە ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، کە بەرخودانەکەمان لە دژی کەسەکان نییە، بەڵکو لە دژی داسەپاندن و سیستمی قەیومە. تێکۆشانمان لە دژی داسەپاندنی قەیوم بەسەر زانکۆ و شارەوانییەکاندا بەبێ هیچ سازش و پسانەوەیەک بەردەوامیی دەبێت. دەبێت هەموو قەیومە داسەپێنراوەکان لەسەر کارەکانیان لاببرێن".

ژ.ت