رۆژنامه‌نووسێكی فه‌ره‌نسی باس له‌ سپڵه‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌كات

رۆژنامه‌نووس و نوسه‌ر فلیپ دی ڤاڵ له‌ رادیۆی ئه‌وروپا ١ په‌یمانه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ له‌گه‌ڵ توركیای هه‌ڵسه‌نگاند و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ كوردان به‌ سپڵه‌یی و بێوه‌فایی ده‌جوڵێته‌وه‌ و ده‌نگی كورد نابیستێت.

رۆژنامه‌نووس و نوسه‌ر فلیپ دی ڤاڵ بووه‌ میوانی رادیۆی ئه‌وروپا ١ و وتی، "كوردبوون شتێكی باش نییه‌. كاتێك مرۆڤ كورد بێت، لێدانی به‌رده‌كه‌وێت، سته‌م ده‌بینێت، زیندانی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ناتانه‌وێت ببنه‌ كارتێكی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی ناكۆكیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببنه‌ پۆڵۆندی، ببنه‌ ئیسكیمۆ یان ئه‌رژه‌نتینی مه‌بنه‌ كورد. چوار نه‌ته‌وه‌ خاكی كوردستانیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شكردووه‌. توركیا، ئێران، عێراق و سوریا. كوردان له‌ ژێر دیكتاتۆریه‌تی سه‌ربازی و رژێمی فاشیستدا ده‌ژین".

فلیپ په‌یمانی لۆزان، دابه‌شكردنی كورد و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی رژێمی سه‌دام حسێنی به‌بیرهێنایه‌وه‌ و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ساڵی ٢٠١٤ داعش سه‌ریهه‌ڵدا و وتی، "له‌ تێكۆشان له‌ دژی داعشدا كوردان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌بوون. كوردان بۆ رزگاركردنی ژیانی ئێمه‌، ژیانی خۆیان به‌خت كرد. دوای شكستی داعش سوپای تورك به‌ به‌رچاوی وه‌ڵاتانی رۆژئاوا بۆ پاكتاوی كوردان چووه‌ ناو سوریا. به‌ڵام چ سوود وڵاتانی رۆژئاوایی نه‌یانویست ئه‌مه‌ ببینن".

په‌یوه‌ندی نێوان كوردانن فینله‌ندا و سوید چییه‌؟

ڤاڵ باسی له‌وه‌كرد كه‌ به‌ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئۆكرانیا هه‌ر یه‌ك له‌ سوید و فینله‌ندا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، ویستیان بچنه‌ ناو ناتۆ و وتی، " ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ دوورن له‌ كوردستانه‌وه‌. له‌ نێوان چوونی ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ ناتۆ و كوردان عیچ په‌یوه‌ندییه‌ك بوونی نییه‌. جگه‌ له‌ ئه‌ردۆغان".

ڤاڵ سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌ ئه‌گه‌ر كورد راده‌ستی ئه‌و نه‌كرێن، ئه‌ندامێتی له‌ ناتۆ ڤیتۆ ده‌كات.

هـ . ب