سانجار: بودجە بۆ ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی ئامادەکراوە

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵات بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی بۆ ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی ئامادە کردووە.

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، پارلەمانی تورکیا لە لاوازترین سەردەمدایە.

سانجار وتی، "رۆژ بە رۆژ شتێک لە دیموکراسی کەم دەبێتەوە، رۆژ بە رۆژ پێشێلکاری لەبەرانبەر ئازادی دەکرێت. کێشەکان زیاتر و قۆڵتر دەبن. تا ئێستاش زمانی کوردی لە پەرلەمان وەک زمانێکی نەناسراو دەبینرێت. ئەگەر بە عەرەبی قسە بکەن، زمانەکە وەک عەرەبی لەقەڵەمدەدرێت. پێشتریش وتم، ئەگەر بە ئینگلیزی قسە بکەین، قسەکانم وەک زمانی ئینگلیزی تۆمار دەکرێن، بەڵام کوردی تۆمار ناکرێت. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لە دۆزی کورددا لە هیچ ئاستێکدا نییە. باشە ئەمە رەتکردنەوە نییە؟ زۆر نمونەی تر هەیە. لە شانۆی کوردی بگرە تا قەدەغەی ئەو کەسانەی بە کوردی قسە دەکەن. لە شانۆی قەدەغەکراوی کوردی تا ئەوانەی بە کوردی قسەیان کردووە، رووبەرووی هێرش دێن و زۆر نمونە بۆ ئەمە هەیە."

سانجار باسی ئەوەشی کرد، لە تورکیا رۆژ بە رۆژ کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری زیاتر دەبێت و وتی، "سیستمی حکومەتی سەرۆککۆمار بە واتای هەمیشەییکردنی دۆخی نائاسایی دێت. ئەمە بە واتای تەسفیەکردنی دیموکراسی و ئۆتۆریتەری دێت."

سانجار دەشڵێت، لە بودجەی تورکیادا بەشی ئاسایشی ٪١٧ی بەردەکەوێت و وتی، "ئەمە پەیوەندی بە ئاسایشەوە نییە. ئامانجی دەسەڵات ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئەگەری شەڕێکی ناوخۆیی هێزی چەکدار دروست بکات. سیاسەتی ئەم حکومەتە بۆ زیادکردنی شەڕی ناوخۆیی و دەرەوەیە. ئەم بودجەیە، بودجەی شەڕ، لایەنگران و کۆشکە. بودجەی گەل نییە."

ف.ق