سەباحەت تونجەلیش دەست بە مانگرتن دەکات

سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە زینداندا بڕیاریدا کە لە دژی سیاسەتی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەست بە چالاکیی مانگرتن بکات. داواشیکردووە بگوێزرێتەوە بۆ زیندانی ئیمراڵی.

سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ٤ ساڵە لە زیندانی ئەمنیی ئاست بەرزی جۆری ئێفی ژمارە یەکی کاندریای پارێزگای کۆجالی دیلکراوە، بڕیاریدا دەست بە چالاکیی مانگرتن بکات. تونجەل لە دەستەى سێیەمی مانگرتواندا دەست بە چالاکییەکەى دەکات.

پێش ئێستا لە هەمان زیندان، چاغڵار دەمیرەڵ پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی ئامەد لە رێگەى بنەماڵەکەیەوە رایگەیاندبوو، دەست بە چالاکیی مانگرتن دەکات.

هەڵیانکوتابووە سەر هۆڵەکانی زیندان

دوای ئەوەى لەو زیندانەدا دەمیرەڵ و ژنێکی تر دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کردبوو، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر هۆڵی زیندانیانی سیاسیی کورد، کە فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیی پێشووی گەورە شاری ئامەد، گوڵسەر یڵدرم، ئایسەڵ توغڵوک، سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە، نورحەیات ئاڵتون هاوسەرۆک شارەوانیی پێشووی دێرسیم و ئەدیبە شاهینی تیادا بوو و دەستیان بەسەر کتێب و قەڵەمەکانیان و بابەتە نووسراوەکانیان و کەلوپەلە پەیوەندیدارەکان بە نووسینەوە گرتبوو.

تونجەل داوای کردووە بگوێزرێتەوە بۆ ئیمراڵی

بەپێی زانیارییەکان، لە ناو ئەو کەلوپەلانەدا کە دەستیان بەسەردا گیراوە، راگەیاندراوێکی سەباحەت تونجەلی تێدا بووە، کە بۆ دەستپێکردنی چالاکیی مانگرتن نووسیبووی. تونجەل لە راگەیاندراوەکەیدا داوای کردووە، بگوێزرێتەوە بۆ زیندانی ئیمراڵی، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەو زیندانەدا دەمێنێتەوە.

ژ.ت