سەرۆکی گەورە فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا: دەبێت کۆتایی بە یارییەکانی ئەردۆغان بهێنرێت!

مانفرێد ویبێر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەوروپا یەکێک لە گەورەترین فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، پێش کۆبوونەوەى لوتکەى سەرکردەکان رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە یاری و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەردۆغان بهێنرێت". داواشی کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر تورکیا.

لە کۆبوونەوەى یەکێتیی ئەوروپا لە شاری بروکسلی پایتەختی بەلجیکا یەکێک لە تەوەرەکان کارە تێکدەری و ئاژاوەگێڕییەکانی تورکیا دەبێت لە دەریای سپی، کە سەرباری هەموو هۆشدارییەکان بەردەوامییان پێدەدات.

قوبرس و یونان بە پێداگرییەوە دەیانەوێت، سزاکانی سەر تورکیا دووبارە و درێژ بکرێنەوە. مانفرێد ویبێر سەرۆکی حیزبی گەلی ئەوروپا و یەکێک لە گەورەترین فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بانگەوازێکی بۆ کۆبوونەوەى سەرکردەکان لە بروکسل بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە یاری و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەردۆغان بهێنرێت" و داواشی کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر تورکیا.

ویبێر بە رۆژنامەى بیڵد یەکێک لە گەورەترین رۆژنامەکانی ئەڵمانیای راگەیاند، لە بریی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر خەڵک لە تورکیادا دەبێت گەمارۆ و سەپاندنی سزا بۆ سەر حکومەتی ئەنقەرە بێت.

ویبێر بە تایبەتی داوای لە ئەڵمانیا و فەرەنسا کرد و وتی "دەبێت حکومەتەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا بەمشێوەیەى ئێستا زۆر بیر نەکەنەوە، بەڵکو بە خێرایی فرۆشتنی چەک بە تورکیا رابگرن".

یونان، قوبرس، فەرەنسا، نەمسا و لوکسەمبورگ بە پێداگرییەوە دەیانەوێت سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت، بەڵام ئەڵمانیا هێشتا لە لێدوانەکانیدا بەرامبەر بە تورکیا نەرمە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، دەقی رێککەتنەکەى ئەمڕۆی پێنجشەممەى لوتکەى ئەوروپای دەستکەوتووە و بڵاویکردەوە، لیستێک ئامادە کراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە چی بەرامبەر بە تورکیا بکرێت و ئەگەر پێویستیش بکات، ئەوا لیستی سزاکانی سەر تورکیا زیاتر دەکرێن.

دیپلۆماتکارێکی قوبرسی ئەو زانیارییەى پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەنگاوی گرنگ بۆ ئامادەکردنی لیستی نوێی سزاکان بنرێت.

ژ.ت