لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حاجە لەحبیب وەزیری دەرەوەی بەلجیکا سەردانی تورکیای کرد و کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێریی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵوی هاوتا تورکییەکەی ئەنجامدا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییشدا وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک داوای دژایەتییکردنی پەکەکەی لە هاوتا بەلجیکییەکەی کرد و وتی: "پێویستە دژی پەکەکە و فەتۆییەکان و چەپەکانی تورکیا هاوکارییمان بکەن".
چاوشئۆغڵو داواشی لە لەحبیب کرد "بەشێوەیەکی چالاکانە دژی کار و چالاکییەکانی پەکەکە لە ئەوروپا بووەستنەوە و ڕێوشوێن بگرنەبەر، ڕێگەنەدەن بەلجیکا ببێتە بارەگای پەکەکە و هاوکارمان بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە".
لە بەرامبەریشدا حاجە لەحبیب، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا وتی: "ئێمە ئاگادارین لە هەبوونی لایەنگرانی پەکەکە لە بەلجیکا، هەندێک لێپێچینەوە کراوە، بەڵام ئەو چالاکییانەی کراون لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندابوون، ئەگەر هەر بەڵگەیەکتان لەبەردەستابێت پێشکەشمان بکەن، ئێمە کاری لەسەر دەکەین".
باسی لەوەشکرد، سەردانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ دەکات، کە بڕیاری زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کاری سیاسیی بەسەردا سەپێندراوە.
تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا دژی ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ وەستایەوە بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە، کە زۆرینەی هەرە زۆری خۆی لە دژایەتییکردنی پەکەکەدا دەبینییەوە و داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک تێکۆشەری کوردی لەو وڵاتانە کرد.
ژ.ت