بە دیمەن

"ئامادەین بۆ گەڕانەوە بۆ جڤاک"

کەرەڤانەی گەڕانەوە بۆ جڤاک گەیشتە شاری مەکسیکۆ، لە ڕاگەیاندراوێکدا گوترا: "ئەم گەڕانەوەیە هەمان کات واتە ساڕێژکردنی ئەو وێرانە و برینانەی بەهۆی نەژادپەرستی و فاشیزم و حکومەتە ڕاستڕەوەکان دەرکەوتوون".

فێمینیستەکانی ئابیا یالا

"کەرەڤانەی گەڕانەوە بۆ جڤاک" کە پێکهاتووە لە فێمێنیست و چالاکوان و پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئابیا یالا و ئوسکال هێریا و کوردستان و هەرێمە جیاجیاکان، لە ٢١ ی حوزەیران لە شاری چیاپاسی مەکسیک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست، لە وێستگەی دووەمدا گەیشتنە شاری مەکسیکۆ.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لەلایەن فێمێنیستەکانی ئابیا یالا و موجێرێس سێختا جۆڤێن، کۆمیتەی پشتگیری لە تەڤگەری ژنانی کورد-چیاپاس ڕێکخرا.

چالاکوانان لە مەکسیکۆ سیتی کۆبوونەوە دەکەن لەگەڵ گەلانی خۆجێی کە لەپێناو خاک و ئاو بەرخۆدان دەکەن، هەروەها چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەن.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە داوای ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی چیاپاس و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا، هەروەها دەربارەی گۆشەگیری ٢٥ ساڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زانیاری درا.

لەبارەی ئامانجی چالاکییەکەوە گوترا:

"لە 21ی حوزەیران لە ئابیا یالا، ئیوسکال هێریا، کوردستان و هەرێمەکانی دیکەوە هاتین. فێمینیستی گەل، پارێزەری خاکەکەی، چارەسەرکەر لۆلیتا چاڤێز، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە دەربەدەریدایە، دوای ئەوەی بێتاوان بوو لە تۆمەتەکانی بەرامبەری، دەگەڕێتەوە بۆ جڤاکەکەی. هەرچەندە لۆلیتا چاڤێز لە ڕووی یاساییەوە ئازادە لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام هێشتا زۆرفاکتەری نەژادپەرستانە و ستەمکارانە هەن. نوێنەرایەتی زیهنیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتی سەرمایەداری هێشتا لە بۆسەدایە. هەر بۆیە فێمینیستەکانی ئابیا یالا بە پێشەنگایەتی لۆلیتا چاڤێز بڕیاریان دا ئەم گەڕانەوەیە بۆ گەلان وەک ڕێگەیەکی فەلسەفی و سیاسی پێکبهێنن. هەروەها ئەم گەڕانەوەیە بە مانای ساڕێژکردنی بەکۆمەڵی ئەو وێرانکاری و برینانەیە کە بەهۆی نەژادپەرستی و فاشیزم و ڕق و کینە و حکومەتە ڕاستڕەوەکانەوە دروست بووە. ئێمە وەک فێمینیست و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان ئامادەین سنوورەکان هەڵوەشێنینەوە و لە سان کریستوباڵ دی لاس کاساس لە چیاپاسەوە دەست بە گەڕانەوە بۆ جڤاک بکەین".