ئایدار: بڕیاری هێرشەکەی پاریس لە ئەنقەرەوە دەرچووە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار رایگەیاند، ئەنقەرە بڕیاری هێرشەکەی سەر کۆمەڵەی کوردان لە پاریسی دەکردووە و داوای هەڵوێستی لە کوردستانیان کرد بۆ ئەوەی هێرشەکە شەرمەزار بکەن.

لە پاریسی پایەتختی فەرەنسا لە نیوەڕۆدا هێرشی چەکداری کرایە سەر ناوەندی کولتوری کورد.

بە وتەی شایەتحاڵەکان کەسێکی چەکدار دەستڕێژی گولـلەی لە کۆمەڵەکە کردووە، دواتر خواردنگەیەکی کوردان و کۆفی شۆپێکی کوردانی کردووەتە ئامانجی دەستڕێژەکەی. لە هێرشەکەدا کوژراو و بریندار هەیە. هێرشبەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) راگەیاند، سەرباری ئەوەی هەموو وردەکاریی و زانیارییەکان لە بارەی هێرشەکەوە نازانن بەڵام دیارە کە ئەمە "هێرشێکی ئاسایی" نییە.

ئایدار وتی، "ناتوانین وەک هێرشێکی ئاسایی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هێرشە بکەین. ئەمە ڤێرژنێکی دیکەی ئەو هێرشەیە کە بەر لە ١٠ ساڵ لە پاریس ئەنجامدرابوو. نازانین ئەو کەسەی گیراوە کێیە، بەڵام ئەو ئۆپراسیۆنە لە ئەنقەرەوە بڕیاری لێدراوە. ئەو هێرشە لەلایەن میت و کۆنتراگەریلاوە رێکخراوە.

ئایدار ئەوەشی خستەڕوو کە هەر کەسێکیش هێرشەکەی ئەنجامدابێ، لە پشت ئەو هێرشەوە ئەنقەرە هەیە و سەرنجی راکێشا بۆ سەر لێپرسینەوەکانی تایبەت بە تیرۆرکردنی سێ ژنی کورد لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس و لێپرسینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرانی کورد لە بەلجیکا.

راشیگەیاند، "ئەو لێپرسینەوەیە ١٠ ساڵیە بە ئێمەی نیشاندا کە ناوەندی تیمی تیرۆری تورک لە ئەوروپا، لە فەرەنسادایە".

ئایدار ئەوەشی خستەڕوو کە فەرەنسا لە هێرشەکەدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیە و رێوشوێنی  پێویستی نەگرتووەتەبەر و وتی، "دوای کۆمەڵکوژیەکەی پاریس رێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر و هێرشبەرەکان دادگایی نەکران. فەرەنسا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەگرتنەبەری رێوشوێن بەرپرسیارە".

زوبەیر ئایدار هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە ئەم هێرشە بە واتای ئەوە دێت کە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی خۆی بۆ سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان گواستووەتەوە بۆ ئەوروپا و وتی، "هێرشەکانیان لە گۆڕەپانێکی بەربڵاودا بەرفراوان کردووە".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار ئەوەشی وت، "ئێمەس بە گوێرەی ئەوە رێوشوێن دەگرینەبەر و گەل و خۆمان دەپارێزین. بەو هێرشانە نە ئێمە و نە گەلەکەمان ناترسین، ئێمە بە وشیاری و زانابوونی زیاترەوە بەرەنگاریان دەبینەوە".

ئایدار داوای لە گەلی کورد لە ئەوروپا کرد کە لە چوارچێوەی پێوانە دیموکراتیکەکاندا هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەنو وتی، "داوا لە هەموو گەلەکەمان لە پاریس دەکەین کە بچنە بەردەم کۆمەڵەکە و خاوەنداری لە برینداران بکەن".

هـ . ب