زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی (شکۆی کوردستان) کە لە باشوری کوردستان چاپ و بڵاو دەبێتەوە، وەڵامی چەندین پرسیار لە بارەی یەکێتی نەتەوەیی، پرسی لۆبی کوردی و رۆڵی رەوەندی کوردی لە هەندەرانو داگیرکاری ڕژێمی تورک، دەداتەوە.
ئایدار، لە دیمانەکەدا کە لە برۆکسڵ-ی پایحەختی بەلجیکا لەگەڵی ئەنجامدراوە، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر گرنگی ڕەوەند و لۆبی کوردی لە ئەوروپا و دەڵێت: کوردانی ئەوروپا بەشی پێنجەمینی کوردستان-ن لۆبی کردن تەنها لەچوارچێوەی چاوپێکەوتن و دیدار نەماوەتەوە بەڵکو خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان لەشەقامەکان دوونیای هەژاندووە. ئەگەر کەجەکە نەبوایە ئێستا ئەو لۆبیە و رێکخستنە لە وڵاتانی ئەوروپا درووست نەدەبوو.
زوبیر ئایدار، پەیوەست بە هێرش و داگیرکاری و دوژمنایەتی ڕژێمی تورک دژ بەگەلی کورد دەڵێت: سەرەتا دەبێت ئەوە بزاندرێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر هەموو گەلی کورد بەڕێوەدەچن، ئینجا بیانوو پەکەکە بێت یان شتێکی تر، تورکیا دوژمنی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێک بێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکە..
لۆبی کوردی لە دەرەوەی وڵات لە چ ئاستێک دایە و ئینتامی نیشتمانی رەوەندی کوردی چۆن دەبینن؟
زوبێر ئایدار: ماوەیەکی زۆرە کورد لە دەرەوەی وڵات سەرقاڵی لۆبی کردنە و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی رەوەندی کوردی تادێت زیاتر دەبێت.
کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوەی وڵات لەپاڵ تێکەل بوونی بە کۆمەڵگای وڵاتان و سەرقالبوونیان بەکارەکانیان، هاوکات ناسنامەی کوردبوونی خۆشیان دەپارێزن و خۆشیان لە کوردستان نەپچڕاندووە.
بۆیە وڵاتانی ئەوروپا بۆتە پێنجەمین بەشی کوردستان و ئەمە راستیەکە و ئێمە وای دەبینین.
بۆیە دەبێت کار لەسەر رەوەندی کوردی بکرێت و بەرێکخستن بکرێن لە بەرژەوەندی کوردستان. نموونەی ئەوەشمان لەبەر دەستدایە کە تا چەند کاریگەریان لە بەرژەوەندی خۆیان بەجێهێشتووە، لەوانە جولەکەکانی دەرەوەی وڵات رۆڵی سەرەکیان گێڕا لە درووستکردنی ئیسڕائیل.
ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە ساڵانێکە کاردەکەین بۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی رەوەندی کوردی و دەرئەنجامێکی باشیشی هەبووە.
ئەگەرچی لەهەندێک وڵاتدا جارنا دەنگی کوردان کەم دەبێت بەڵام لەبەرامبەردا تادێت بازنەی تێکۆشانی کوردی فراوانتر دەبێت.
نموونەی ئەوەش لەشەڕی داعش و بەرخودانی کۆبانێ و کاتی داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی رۆڵێکی گرنگیان گێڕا و کوردستانیان بەجیهان ناساند.
ئەم لۆبی کردنە تەنها لەچوارچێوەی چاوپێکەوتن و دیدار نەماوەتەوە بەڵکو خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان لەشەقامەکانی ئەوروپا دوونیای هەژاندووە، ئەمەش جۆرێکی دیکەیە لە لۆبی کوردی.
ئەگەرچی زۆربەی دەنگی رەوەندی کوردی لە سەر خەتی کەجەکەدا خۆی دۆزیوەتەوە و کۆکراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان لە دەرەوە ماون و پێویستیان بە رێکخستن هەیە کە ئەمە پرۆژەی داهاتوومانە.
ئەگەر کەجەکە نەبوایە ئێستا ئەو لۆبیە و رێکخستنە لە وڵاتانی ئەوروپا درووست نەدەبوو، بەپێچەوانەوە هاوڵاتیانی کورد بەرەوە خراپە کاری و رێگای هەڵدێر دەبردران، بۆیە ئەو کارەی کەجەکە دەرئەنجامی فکر و فەلسەفەیەکە وتوانیویەتی
رەوەندی کوردی لە دەوری یەکتر کۆبکاتەوە و ئینتمای نیشتمانیان بەهێزتر بووە.
پڕۆژەی ئێمە جگە لە چواربەشەکەی دیکەی کوردستان بۆ بەشی پینجەمیش کە ئەوروپایە هەمان پرۆژەیە، ئەویش بە رێکخستن کردنیانە، چوونکە ئیمە تەنها بۆ شوێنێکی دیاریکراو خەبات ناکەین، بەڵکو لە هەرشێنێک کورد هەبێت یەک ئامانجمان هەیە تێدەکۆشین، جا لە قەفقاچیا بێت یان لە ئەرمریکا و ئەوروپا.
ئنجا ئەو رێکخستنە چەند جۆرێکی هەیە کە سەرەکیەکەی پاراستنی ناسنامە و زمان و کلتوری کوردەواەیە و دواتر هەندێکیان بە هاوکاری مادییە بۆ شۆڕش و کوردستان و خۆپیشاندان.
پرسیار: دەربارەی هێرش و داگیرکاریەکانی تورکیا کە هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج ئێوە لە دەرەوەی وڵات چی تان کردووە تا رێگری لێگری لێبکەن؟
زوبیر ئایدار: سەرەتا دەبێت ئەوە بزاندرێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر هەموو گەلی کورد بەڕێوەدەجێت، ئینجا بیانوو پەکەکە بێت یان شتێکی تر تورکیا دوژمنی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێک بێت.
با زۆر نەگەڕێینەوە بۆ مێژوو هێندە دوورە نیە هەر سالی ٢٠١٧ و لەکاتی ریفراندۆمەکەی باشوری کوردستان تورکیا چی بەرامبەر بە گەلی کورد کرد، ئەوەتا لەئەنجامی ئەوەدا کەرکوک و چەندین شوێنمان لەدەستدا.
هێشتا بیرمان ماوە لەشەڕی داعشدا کە بارزانی داوای لە تورکیا کرد هاوکاریان بکات بەڵام بەبیانووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار گوێشیان لێنەگرد، ئەمە تەنها بیانوێک بوو بەڵام پێویستە بزاندرێت کە تورکیا خۆی درووست کەری داعش بوو هەموو پشتیوانیەکیشی پێشکەش کرد.
دواین جار دەوڵەتی تورکیا کە لەو شەڕەی باشوری کوردستان سەرنەکەوت چەکی کیمیای بەکار دێنێت، چەندین بەڵگەش لەبەردەست دایە، ئێمە میللەتێکین برینداری جەکی کیمیایان بەڵام دەولاتانی جیهان ئەو تاوانە نابینن، لە کاتێکدا چەکێکی قەدەغەکراوە و وڵاتان لەسەر ئەمە پەیماننامەیان واژوو کردووە.
هەمان ئەو سەردەمە دووبارە دەبێتەوە کە لە هەڵەبجە بەهەزاران هاوڵاتی ئێمە بەکیمیایی شەهید بوون بەڵام کەس نەیبینی ئێستاش تاوانەکانی تورکیا بەهەمان شێوە نابیندرێت.
هەڵبەتە یەکیک لە کارەکانی ئێمەدا چاودێری کردنی دۆخەکەیە و گەیاندنی دەنگی کوردە بە وڵاتان، یەکێک لەوانەش هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان، بۆئەوەش هەولمان داوە سکاڵا تۆمار بکەین و بیکەینە رۆژەفی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا.
بەڵام پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت، ئەو شەڕە تەنها لەبەرامبەر هێزێک نیە و پێویستە گەلەکەمان تەماشاکەر نەبێت و دژی هێرش و مەترسیەکانی تورکیا بوەستنەوە.
راستیەکی دیکە هەیە پێویستە هەموو لایەک بیزانێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر گەریلاکان لە چیاکانی کوردستان نەبووایە بەدڵنیاییەوە ئێستا تورکیا دەیکرد بە مەڵبەندی چەتەکان و گەورەترین مەترسی لەسەر هاوڵاتیانی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان درووست دەبوو.
بۆچی نەتواندراوە تا ئێستا کورد لە ژێر چەترێک کۆبکرێتەوە؟
وەڵام: یەکێتی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد وەکو ئاو هەوا، پێویستە بەڵام هەموو لایەنەکان ئەمە بەو شێوەیە نابینێن، چونکە جگە لە دەرەوەی خەتی کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە کە خەتی رێبەر ئاپۆیە، پرۆژەی لۆکاڵیان هەیە، کە تایبەتە بەناوچەیەک، ئەمەش ناچێتە بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردەوە.
بۆنموونە، ئەگەر بەرنامەت بۆ بەشێکی کوردستان هەبوو ئەوا لات ئاسایی دەبێت کە بەشەکانی دیکە هەرچیان بەسەر بێت زۆر جار بەلاتەوە ئاسیی دەبێت کە بەشێکی دیکە بفرۆشی، بەلام ئەگەر بەرنامەت بۆ هەموو کوردستان هەبێت ئەوا دەتوانیت خزمەت بە دپزی گەلی کورد بگەیێنیت.
سەرۆک ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایە پەکەکەی دامەزراندووە و هەربۆیەش توانی رێکخستنە کوردیەکانی رابرد و بەئێستاشەوە تێپەڕینێت، سیری میژووی رابردوو بکە هەموو لایەک دەیانگووت کوردستانی عێڕاق، ئێران، تورکیا، سوریا، کە ئەمەش تێگەیشتنێکی بۆ شتێک نەبوو بەناوی کوردستان، بەڵام رێبەر ئاپۆ هەڵستا بە گۆڕینی ئەو تێگەیشتنە سیاسیە کە بەساڵانە دووژمن کاری لەسەر کردووە.
ئەوەتا ئێستا کوردستان باشور، باکور، رۆژهەڵات، رۆژئاوای هەیە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لەدەرەوەی فکری رێبەر ئاپۆ و پەکەکە کەس کاری بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان نەکردووە، راستە هەندێک کەس بەتایبەتیش مام جەلال بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەوڵیدا بەڵام پارتەکەی مام جەلالیش حزبی هەرێمێکە، ئەو نەچوو لە ئامەد، یان مهاباد و قامیشلۆ رێکخستن بکات بەڵکو بەس لە باشور مایەوە.
بوونی پڕۆژەی پەکەکە بۆ چوار بەشی کوردستان تەنها لەچوارچێوەی بەرنامەکەی نەماوەتەوە بەڵکو لە پڕاکتیکیشدا رەنگی داوەوەتەوە بڕوانە حزب هەیە بەشەکەی دیکەی کوردستان دەسوتێت بەڵام لێدوانێکیش نادات، بەلام گەریلاکان لەهەر چوار بەشی کوردستان بە پڕاکتیک تێدەکۆشن.
کاتێک، داعش هێرشی باشوریان کرد هێزەکانی پەدەکە رایانکرد و شەنگالیان چۆڵ کرد، گەریلاکان چوون بەهانای ئیزیدیەکانەوە، چەند جاری دیکە لەکاتی راکردنی پەدەکە گەریلاکان بەهانایانەوە چوونە.
ئەمە بەشێکی سەرەکی رێگریەکانە لەبەردەم پیکنەهێنانی یەکیتی نەتەوەیی و خاڵی دووەمەیش بەڕاشکاوانە بڵێین هۆکارەکەی پەدەکەیە، ئەو ئەگەرچی هێزێکی هەرێمیە لەگەڵ ئەوەشدا هیزێکی بنەماڵەییە، ئەو پێیوایە کە ئەگەر دەستکەوتێک بۆ بنەماڵەکەی نەبوو، دەستکەوت نیە.
هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵە بە باشوری کوردستانەوە دەکات، ئەوتا ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ رێکەوتنێکی لەگەڵ عێراق ئەنجامدا وتی شەنگال با بۆ ئیزیدیەکان نەبێت و رادەستی بەغدای بکات.
نەوت و سامانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە رادەستی تورکیا کردووە، ئەوان نایەنەوێت لەدەرەوەی ماڵی بارزانی هیچ کەسیکی تر نەبێت، ناوی پارتەکەی ئەوان دیموکڕاتە بەڵام مسقالێک دیموکڕاسی لەناو حزبەکەی ئەواندا نیە، من پێم وایە کەس بەناو لێنان نابێتە دیموکڕات فەرموو لە باشور کەسێک هەیە لە دەرەوەی ئەوان دەنگێک بەرزبکاتەوە ئەو سەرکوت کارییە سەلمێنەری ئەو راستییە.
ئەوان بەهێج شێوەیەک پڕۆژەیەکیان بۆ یەکیتی نەتەوەیی نیە و لەبری پارتە کوردیەکان ئەردۆغان بەدۆستی خۆیان دەبینن.
زۆر جار پەدەکە نەک هەر کاری بۆ یەکێتی نەتەوەیی نەکردووە بەڵکو هەوڵی شەڕی ناوخۆیداوە، نموونە لە ئابی ساڵی رابردوو پێنج گەریلای لە خەلیفان شەهید کرد، چەندین جار هەوڵی هێرشکردنە سەر گەریلاکانی داوە، بەڵام ئەوە گەریلاکانە خۆیان لەو شەڕە دەپارێزن.
سەرباری ئەوەش کاری زۆر بۆ یەکێتی نەتەوەیی کراوە و درووستکردنی کۆنگرەی نەتەوەییش کاری گرنگی لەو پێناوە کردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.
ناساندنی پەکەکە وەک هێزێکی تیرۆرستی تاچەند ریگر بووە لە بەردەم خەباتتان و چیتان بۆ ئەو پرسە کردووە؟
وەڵام: یەکێک لە ئامانجەکانی خستنە لیستی تیرۆری پەکەکە، بۆ رێگری کردن بوو لەو پێرۆژەیەی کە ئەو پارتە هەیەتی هەروەها گرتنی رێبەر ئاپۆش پەیوەندی بەوەهەبوو چوونکە ئەو داهێنەری ئەو فکرەبوو.
ئەگەر سەرەنجی دیرۆکی کوردستان بدەین دەردەکەوێت کەسێکی وەک سەرۆک ئاپۆ کەمە لە ساڵی ١٨٠٦ بەدواوە کە تائێستا ٢١٤ ساڵە زۆر شۆڕش درووست بوو، بەڵام هیچ کام لەو سەرهەڵدانانە نەیتوانیووە وەکو ئەو شۆڕشەی رێبەر ئاپۆ لە دونیا دەنگ بداتەوە.
یەکێک لە جیاوازیەکان، پەروەردە کردنی ئەندام و کادرەکانیەتی هەروەها تەنها شۆڕشێک نیە بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکەیە، ئەو جگە لە سەرۆکی شۆڕشێک وەکو کەسێکی بیرمەند و خاوەن پارادیگما دەبیندرێت، چوونکە خاوەنی چەندین کتاب و پارێزنامەیە، ئەمەش وای کرد پەکەکە هەموو سنورەکان ببەزێنێت و بپەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و تەنانەت ئەمریکاش، ئێستاش زۆرترین کتێب کە بخوێندرێتەوە کتێبەکانی سەرۆک ئاپۆیە.
هەموو ئەمانەش وای کرد کە ئۆجالان دەستگیربکرێت و پەکەکەش بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش تەنها ئامانجە سەرەکیەکە نەبوو بەڵکو ویستیان ئیماژەک لە بیری و مێشکی هەموو لایەک و تاکی کورد درووست بکەن بڵێن کورد تیرۆرستە.
کە ئەمەش پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو لەلایەن دووژماننەوە، سەرباری ئەوەش ئەم پیلانە سەری نەگرت بەڵکو بەپێچەوانەوە پرۆژە و فکری رێبەر ئاپۆ بەجیهاندا بڵاو بۆوە و ئێستا بە هەزان کەس لە جیهان لەدەوری پەکەکە کۆبوونەتەوە.
لەدواین هەوڵیشدا لەناوەڕاستی مانگی ١٢ی رابردوو کەمپینێکی واژوو کۆکردنەوە لەلایەن هەزار کەسایەتی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی جیهان راگەیێندراوە و ئامانج لێی دەرهێنانی پەکەکە یە لە لیستی تیرۆر و ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ.
بڕیاریشە ئەو کەمینە دوای کۆکردنەوەی ملیۆنان واژوو پێشەکەش بە وڵاتانی جیهان بکرێت، بۆیە لە رێگەی ئێوەوە داوا لە هاوڵاتیانی کورد دەکەین بەشداری لە کەمپینەکە بکەن، هەروەها پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت رۆڵی گرنگ لەو پرسەدا بگێڕێت بە ئەنجامدانی دانیشتێک و دەرکردنی بڕیارێک بۆ ئەوەی بەفەرمی پەکەکە وەک تیرۆرست نەناسێنێت.
هـ.هـ