'ئازادیی ئۆجالان دەبێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا'

ئاراتز ئیستۆندا لە ڕێکخراوی ئەسکاپێنای باسک ڕایگەیاند، وڵاتی باسک لەگەڵ گەلی کورددایە و وتی "ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ دیموکراتیزەبوونی تورکیا".

ئاراتز ئیستۆندا ئەندامی ڕێکخراوی ئەسکاپێنا لە وڵاتی باسک، لەبارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئیستۆندا ڕایگەیاند، دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەپێی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان نییە و وتی "کاتێک بابەتەکە دێتە سەر زیندانیانی سیاسی، حکومەت ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان جێبەجێ ناکات".

ئیستۆندا ڕایگەیاند، سی پی تی لە ٢٠ بۆ ٢٩ی ی ئەیلول سەردانی تورکیای کرد و پاشان هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەوە بڵاونەکردەوە. ئیستۆندا ڕاشیگەیاند، ئەمە هەڵسوکەوتی دووڕوویانەی ئەوروپایە.

 ئیستۆندا ئەوەشی وت، یەکێتیی ئەوروپا ڕێکخستنەکانی باسک و کورد بە "تیرۆریست" ناودەبات و یارمەتیی تورکیا دەدات بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران. ئیستۆندا وتیشی، "یەکێتیی ئەوروپا لە کۆتا نمونەی خۆیدا ئەوەی خستەڕوو، کە هیچ ڕێزێکی بۆ مافەکانی مرۆڤ نییە".

ئاراتز ئیستۆندا ئاماژەی بەوەدا، کە سەرکەوتنی تێکۆشانی گەلی کورد دەبێتە سەرکەوتنی گەلی باسک و ڕاشیگەیاند، ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوێکی گەورە و سەرەکی دەبێت بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و زیندانیکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەمانای زیندانیکردنی گەلی کوردە.

ژ.ت